گوماندەكرێت جەوهەر فەحل بەهۆی گەندەڵییەوە هەڵاتبێت
ئەمڕۆ یەكشەممە دەنگۆی رفاندن و بێسەروشوێنبوونی جەوهەر فەحل، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین بڵاوبووەوەو چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەكردووە، كە ناوبراو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رفێنراوە.
جاسم مومتاز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە (رووداو)ی راگەیاند :\" تائێستا روون نییە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ دیار نەماوە، دوێنێ وەفدێكمان سەردانی هەولێری كرد، بەڵام هیچ زانیارییەكی دەست نەكەوت\"".
بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوەو بە (رووداو)ی راگەیاند: \""بە هەموو شێوەیەك ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە دەڵێن جەوهەر فەحل و كوڕەكەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر رفێنراون\"".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی \""زانیاریمان هەیە كە ئەوان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو توركیا رۆیشتوون و سەفەریان كردووە\"".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە گومانەوە لە رووداوەكەی دەڕوانی و ئاماژەی بەوەكرد، كە بڕە پارەیەكی زۆری پرۆژەكانی پارێزگاكە دیارنەماوەو گوتی \""نەمانی جەوهەر فەحل لەگەڵ نەمانی پارەیەكی زۆر جێی گومانە\"".
هاوكات شیروان وائیلی، ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق، وتەكانی ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینی پشتڕاستكردەوەو گوتی \"" بڕە پارەیەكی زۆر لە دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەڵاحەدین نەماوە\"".
گوتیشی \""هەندێك بەڵگە لەبەر دەستن كە تێوەگلانی جەوهەر فەحل لە نەمانی ئەو پارانە دەخەنەڕوو، بەڵام بەڵگەكان لاوازن\"".
شیروان وائیلی جەختیكردەوە كە لیژنەكەیان لە بەدواداچوونی جدیدایە بۆ ئەو رووداوە.
ئەركان جەوهەر، كوڕی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی سەڵاحەدین، بە رۆژنامەی سەباح-ی توركی راگەیاندووە \""بەرلەوەی باوكم و براكەم سواری فڕۆكە ببن لەگەڵیان قسەم كرد، بەڵام دوای ئەوە هیچ هەواڵێكی ئەوانم پێنەگەیشت و ئێمە نازانین لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یان فڕۆكەخانەی توركیا رفێنراون\"".
رووداو "
