ئەشواق جاف: هەر خاڵێكی ناكۆكی یاسای هەڵبژاردن زۆرترین دەنگ بهێنێ لەیاساكەدا دەچەسپێ
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: لەخوێندنەوەی یەكەمدا بۆ یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتووی عێراق بارستە سیاسیەكانی وەها رێكەوتن كە هەموو خاڵە ناكۆكەكان دوابخرێ بۆ كاتێكی دیكە، ئێستاش لەسەر هەمان بۆچوونن، بەشێوەی پێشنیار لەمیانەی دەنگدان لەسەر یاساكە كاری لەسەر دەدرێ.
باسی لەوەش كرد، هەر خاڵێكی ناكۆكی لەسەر كەبەشێوەی پێشنیار دەخرێتە دەنگدانەوە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا ئەوا لەیاساكەدا دەچەسپێ، وەپێویستە یاسای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بەزووترین كات دەنگی لەسەر بدرێ، لەسەرەتای دەستپێكردنەوەی كارەكانی پەرلەمانی عێراقەوە لەو كارە هەرە لەپێشانەیە كەكاری لەسەر دەكات.
چەند بارستەیەكی سیاسی چەند پێشنیارێكیان پێشكەش كردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەكیشان لەسەر لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بكەن، ئەمە سەرەڕای بوونی لیژنەیەكی پەرلەمانی بەبەشداری بارستە سیاسیەكان بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ ئامادەكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان، تاوەكو بڕیاربدەن لەوەی عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێ یا چەند بازنەیەك بێ، یاخود هەڵبژاردنەكە بەلیستی داخراو بێ یا كراوە.
