هاشمی: دەبێت خۆپێشاندەرانی عێراق چاو لە ئیخوان موسلیمین بكەن
تاریق هاشمی، جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراق لەپەیجی تایبەتی خۆی لە (فەیسبوك) رایگەیاند: \""پێویستە خۆپێشاندەرانی عێراق چاو لەخۆڕاگری خۆپێشاندەرانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بكەن، كە پێداگریی لەسەر شەرعییەت دەكەن لە میسر\"".
هاشمی، كە نیشتەجێی وڵاتی توركیایە و پێشتر بەتۆمەتی تێوەگلان لەكاری تیرۆریستی لەلایەن دادگایەكی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، زیاتر دەڵێ \""پاش حەوت مانگ لە دەستپێكردنی راپەڕینی شەش پارێزگای عێراق و سەرەڕای رەوایی داواكاریی خۆپیشاندەران، بەڵام هیچكام لەو داواكارییانە جێبەجێنەكراون و ئومێدیشم نییە جێبەجێبكرێن\"".
هەروەها گوتیشی \""مالیكی پێشتر داوای برایانی كوردی جێبەجێكرد، بەڵام وا بەمەبەستەوە بەردەوام داوای عەرەبی سوننە پشتگوێ دەخات\""، دەشپرسێ \""ئاخۆ بۆ؟\"".
هاشمی جەختشی لەوە كردەوە \""كاتی ئەوە هاتووە خۆپێشاندەران بەسیاسەت و بیركردنەوەیاندا بچنەوەو دانووستانێكی فراوان دەستپێبكەن، چونكە بەردەوامبوون لەسەر خۆپێشاندان بەو بەرنامەی ئێستا كات بەفیڕۆدانە\"".
ماوەی زیاتر لەحەوت مانگە خۆپێشاندەرانی سوننە لەپارێزگاكانی بەغدا، ئەنبار، دیالە، كەركووك، نەینەوا و سەلاحەدین لەدژی سیاسەتەكانی حكومەتەكەی نوری مالیكی خۆپێشاندان دەكەن
رووداو"
