موقتەدا سەدر بەشێوەیەكی كاتی دەستبەرداری سیاسەت دەبێ

 موقتەدا سەدر بەشێوەیەكی كاتی دەستبەرداری سیاسەت دەبێ
سەرۆكی فراكسیۆنی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر رایگەیاند، سەرۆكی رەوتەكەیان بۆ ماوەیەكی كاتی لەكاری سیاسی دووردەكەوێتەوە.

بەها ئەعرەجی، سەرۆكی فراكسیۆنی ئەحراری سەر بە رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (شەرقییە) رایگەیاند: \"موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بڕیاریدا بەشێوەیەكی كاتی دەستبەرداری كاری سیاسی ببێت لە عێراق، چونكە سەدر ئامادەنییە بەشداریی هیچ پیلانێك بكات لەدژی عێراق\"".

گوتیشی \""هۆكاری بڕیارەكەی سەدر بۆ گوێنەدانی هەندێك كەس دەگەڕێتەوە بە رشتنی خوێنی گەلی عێراق و شڵەژانی رەوشی ئەمنی بەتایبەت بەم دواییە\"".

دوێنێ كەناڵەكانی راگەیاندن لە عێراق لە زاری چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە سەدرەوە گواستیانەوە، كە سەدر بڕیاری داوە بەیەكجاری دەستبەرداری كاری سیاسی بێت و لە داهاتوودا راستەوخۆ بەشداریی لە هیچ چالاكییەكی سیاسی نەكات. هاوكات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگا سیاسییەكانی سەر بە نووسینگەی خۆی داوە.

ئەم بڕیارەی موقتەدا سەدر، كە رەوتەكەی خاوەن ٤٠ كورسییە لەپەرلەمان و یەكێكە لە دیارترین ئەو لایەنانەی كە حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی شیعە پێكدێنن، لەكاتێكدایە رەوشی ئەمنی عێراق شڵەژانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت پاش هێرشكردنە سەر بەندیخانەكانی تاجی و ئەبو غرێب لەنزیك بەغدا لەمانگی رابردوو و هەڵاتنی بە سەدان بەندكراو لە بەندیخانەی ئەبو غرێب.












رووداو"
Top