نووسینگەكەی: شەهرستانی دەستی لە كار نەكێشاوەتەوە
دوێنێ سێشەممە، سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی گوتی، بەرپرسانی وزە لە نێویشیاندا شەهرستانی، ئاماری هەڵەیان داوەتێ لەبارەی توانای وزەی كارەباوە؛ ئەو گرێبەستانەیشی كە لە بواری كارەبادا كراون بە نەزانی ناو بردن. پێشتریش شەهرستانی و وەزیری كارەبا بە هۆكاری سەرەكی نەبوونی كارەبا لە عێراق بەرپرسیار كراون، بەو هۆیەوەی كە رشیككەوتنەكان و گرێبەستەكان لە كەرتی كار ەبادا لە ئەستۆی ئەوان بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كردووە كە شەهرستانی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە سەرۆكوەزیران كردووە و بە هۆی شكستیشی لە دۆسێی وزەدا، مالیكی دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵ كردووە.
فیسەڵ عەبدوڵڵا كە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزەیە، بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی شەهرستانی دوورە لە ڕاستییەوە. گوتیشی، شەهرستانی وەك جێگری سەرۆكوەزیران لە سەر كاری خۆیەتی و بابەتی دەستلەكاركێشانەوە لە ئارادا نییە.
شەهرستانی پێشتر گوتبووی، عێراق لە ئەمساڵدا كار لەسەر هەناردەكردنی كارەبا دەكات. بەڵام وەزارەتی كارەبا بە پاساوی بەرزبوونەوە یپلەی گەرماوە ڕایگەیاند كە 2200 مێگاوات كارەبای لێ كەم بووەتەوە.
عێراق پێویستی بە 14 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی پێداویستیی نێوخۆ دابین بكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لە 2003ـەوە بە دەیان ملیار دۆلار بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كارەبا دابین كراوە.
