لە چوار مانگی ڕابردوودا 10هەزار کەس بوونەتە قوربانی... عێراق خزاوەتە ڕێگایەکی مەترسیدارەوە

لە چوار مانگی ڕابردوودا 10هەزار کەس بوونەتە قوربانی... عێراق خزاوەتە ڕێگایەکی مەترسیدارەوە
نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مارتن کۆبلەر، جەختی کردەوە کە لە چوار مانگی ڕابردوودا 10هەزار عێراقی بوونەتە قوربانی و هۆشداریشی دا بە هۆی ئەو بارگرژییە سیاسییە نێوخۆییە و ئەو جەنگەی لە سووریادا بەرپا بووە، عێراق خزاوەتەرێگایەکی مەترسیدارەوە. هاوکات داوای لە هەمووانیش کرد یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس هەموار بکەنەوە.

مێدیاکانی فەرەنسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری مارتن کۆبلەرەوە بڵاویان کردەوە کە،لە چوار مانگی ڕابردوودا لانی کەم 300 ژن و منداڵ و پیاو کوژراون و زیاتر لە 7000کەسیش بریندار بوون. ئەو ئاماژەی داوە کە دەیان کەس بە هۆی زنجیرە تەقینەوەکان و هێرشە توندوتیژییەکانەوە لە تەممووزدا کوژراون و سەرکردە عێراقییەکانیش ئێستا لەبەردەم بڕیاری یەکلاکەرەوەدان لە چوارچێوەی ئەو گرژییەی کە وڵاتی گرتووەتەوە.
نێردەی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتیشی، عێراق خزاوەتە ڕیگایەکی مەترسیدارەوە بە هۆی ئەو جەنگەی کە لە سووریا بەرپا بووە و چورا مانگی ڕابردوویشی خوێناویترین بووە. ئاماژەیشی دا کە، عێراق دەتوانی هەنگاوی گرنگ بنێت بە ئاراستەی قووڵکردنەوەی دیموکراسییەت پاش ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێن لە 2003ـدا، یان بەو ڕێگا مەترسیدارەدا بچێت کە دەیختە قەیرانی سیاس و توندوتیژیی تایەفییەوە.
گوتیشی کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، هەوڵی داوە عێراقییەکان دانوستان بکەن و پێوەندیی بە خۆپێشاندەرانەوە بکەن کە لە زۆر شاردا سەریهەڵداوە؛ هەروەها داوایشی لە کۆی لایەنە سیاسییەکان کرد بە هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک لە نێویاندا یاسای لێپێچینەوە و دادوەری(ڕیشەکێشکردنی بەعس).
نەتەوە یەکگرتووەکان لە 11ـی تەمووزی 2013ـدا هۆشداریی هەڵگیرسانی شەڕی تایەفی دا لە عێراق بە هۆی ئەو توندوتیژییە تایەفییە و گرووپە چەکدارانەی کە هندێکیان ماوەیەکی درێژە هەن.
Top