لە پارێزگای دیالە هەژده هەزار هاوڵاتی کوژراون

لە پارێزگای دیالە هەژده هەزار هاوڵاتی کوژراون
13ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات لە دوای ساڵی2003ـەوە لە سنووری پارێزگای دیالە بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە 18هەزار هاوڵاتی کوژران، ئاماژەش دەدات، زۆرترین کردەوەی تیرۆریستی لە ساڵانی 2006-2007 بووە.

ئەمڕۆ لە لێدوانێکی بۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای دیالە \"مونا ئەلعومێری\"" رایگەیاند: لە دوای رووخانی رژێمی بەعسی و لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دیالە بەهۆی کردەوە تیرۆریستی و توندوتیژییەکانەوە 18هەزار هاوڵاتی کوژران.

مونا ئەلعومێری ئاماژەشی دا: زۆرترین رێژەی کردەوە تیرۆریستییەکان و کارە توندوتیژییەکان لە ساڵانی 2006 -2007 روویانداوە و هەر لەو ساڵانەشدا زۆرترین هاوڵاتی بونەتە قوربانیی ئەو توندوتیژییانە.

هەروەها روونیشی کردەوە، لە ئێستادا لە رێگەی لیژنەیەکەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدوادچوون بۆ دۆزینەوەی میکانیزمیکی گونجاو بۆ رێگەگرتن لە کردەوە تیرۆریستیەکانن.

لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیەوە لە پارێزگای دیالە بە بەردەوامی کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و بە رای بەرپرسانی ناوچەکەش یەکێک لە هۆکارەکان بوونی ژمارەیەکی زۆر ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستیەکانە لە ناوچەکەدا و بەتایبەتی هەردوو رێکخراوی قاعیدە و گروپی نەقشبەندی. لە بەرامبەریشدا هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەکان بە کەمتەرخەم دەزانن بەوەی نەیانتوانیوە رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە و هەندێجاریش خودی هێزە ئەمنییەکان بەوە تۆمەتباردەکەن کە هاوکاریی گروپە چەکدارەکان دەکەن."
Top