حكومەتی بەغدا بەجێبەجێكردنی ئەجندای دەرەكی تۆمەتباردەكرێ

حكومەتی بەغدا بەجێبەجێكردنی ئەجندای دەرەكی تۆمەتباردەكرێ
13ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- خۆپیشاندەرانی سوونەی عیراق حكومەت تۆمەتبار دەكەن بەتائیفی و جێبەجێكردنی ئەجندای دەرەكی. وتارخوێنی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی ناوچەكانی خۆرئاوا و باكووری عیراق كە لەژێر ناوی رەمەزان, سەبر و سەركەوتن بەرێوەچوو, تێدا رەخنەیان لە حكومەتەكەی نوری مالكی گرت و بەحكومەتێكی زاڵم و تائیفی و جێبەجێكردنی ئەجندای دەرەكی تۆمەتبار كرد. لەوبارەیەوە محەمەد جومەیلی ووتارخوێنی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی فەلوجە رایگەیاند: خۆپیشاندەران لەپێناو مەسەلەیەكی دادپەروەر رژاونەتە گۆڕەپانەكان و ئەوەش پێوستی بەسەبرە و ئاماژەیدا بەوەی خۆپیشاندەران بەردەوام دەبن تاوەكو داواكارییەكانیان جێبەجێدەكرێت و وتیشی: حكومەتی عیراق حكومەتێكی تائیفی و نامرۆیی و نادادپەروەرە و تائێستا بەهەزاران كەس لەگرتوخانەكاندا دەستگیركردووە و پێكهاتەی سوونەی پەراوێز خستووە. لەلایەكی دیكەوە شێخ حەسەن دلێمی ووتارخوێنی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی رومادی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عیراقی تۆمەتبار كرد بەجێبەجێكردنی ئەجندای دەرەكی و كاركردن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی نەوەك بەرژەوەندی وڵات.
Top