عارف تەیفوور، ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەب لە کەرکووک، بە فیتنەگێڕ تۆمەتبار دەکات
لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، تەیفوور ڕایگەیاندووە، \""عەرەبە شۆفێنییەکانی کەرکووک، ناوبەناو لێدوانی قەڵسکەر و ورووژێنەر بە نانەوەی فیتنە و دروستکردنی کێشە دەدەن، کە مەبەستیانە دۆخی نێوان پێکهاتەکان لە پارێزگاکەدا ئاڵۆز بکەن.\""
زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەبی و هەندێک لە ئەندامانی عەرەب لە کەرکووک بەم دوواییە ڕایانگەیاندووە کە بەرجەستەکردنی یاسای گێڕانەوەی دیاریکردنی سنووری ئیداری لە نێوان پارێزگاکاندا ڕەت دەکەنەوە، ئەمەیشیان بۆ ئەوەی تا مافەکان بۆ خاوەنە شەرعییەکان نەگەڕێتەوە، هاوکات مەبەستیان پاراستنی کولتووری بەعسی لەگۆڕ نراو و بەردەوامیی سیاسەتی عەرەباندن و گۆڕینی دیمۆگرافیایە کە بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو لە ناوچە کوردستانییەکاندا پێڕۆیان دەکرد.\""
تەیفوور ڕوونی کردەوە، \""بەرجەستەکردن و پەسەندکردنی ئەو یاسایە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیریی دۆخەکە و عێراق دابەش ناکات و پێوەندی بە کۆی ناوچە دابڕێندراوەکانی عێراقەوە و تەواوی پارێزگاکان دەگرێتەوە.\"" "
