کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی پێکرد
٧ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەعات یازدە و پێنج خولەکی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەیشتە بەغدا و کەمێک بەرلە ئێستا لە لایەن نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوز پێشوازیی لێکرا و دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاتژمێر یازدە و پێنج خولەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس جیگری سەرۆک وەزیران، هوشیار زێباری وەزیری دەرەوە، سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری و بابەکر زێباری فەرماندەی ئەرکانی سوپای عێراقی فیدڕالەوە و پێشوازیی لێکرا.

کەمێک بەر لە ئێستا سەرۆکی هەرێم لە ناوچەی سەوزی بەغدا لە لایەن نووری مالیکیەوە پێشوازیی لێکرا و دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە، بارزانی و مالیکی، بەشداری کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی بن.

شاندی یاوەری بارزانی، لە کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، فازڵ میرانی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان، کاوە مەحموود وەزیری رۆشنبری، سکرتێری حزبی سوشیالیستی کوردستان، نوێنەری بزووتنەوەی ئیسلامی ، وەزیری پێشمەرگە و دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم پێکهاتووە.
Top