لایەنە عێراقییەكان بە مەرج پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەدەن بە كورد
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، زاهید تەها خەلیل، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە ئەنجامی كۆوبونەوەی نێوان لایەنەكان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و رێككەوتن لە سەر ئەو پۆستانە، لە دواین گۆرانكاریدا، كوتلەی ئەحرار دەستبەداری پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بووە و پۆستەكەیان داوەتە هاوپەیمانی نیشتمانی.
زاهید تەها ئاماژەشیدا، هاوپەیمانی نیشتمانی و هەروەها لیستی عێراقییەش رازیبوون ئەو پۆستە جارێكی دیكە بدرێتەوە بە لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان \"لیستی كوردستان\""ی، بەڵام بەو مەرجەی لایەنی كوردیش دەستبەرداری پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری دیالە ببێت كە ئێستا ئەو پۆستە دراوەتە \""كەریم عەلی ئاغا \""كە لە هەڵبژاردنەكاندا وەكو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هەڵبژێردراوە و كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رونیشیكردەوە، بریارە سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومی پارێزگای دیالە لایەنە كورستانییەكان و لایەنە عێراقییەكان كۆبونەوە ئەنجامبدەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو پرسە یەكلا دەبێتەوە.
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای دیالە، لیستی كوردستانی سێ كورسی بە دەستهێنا لە كاتێكدا لە خولی پێشتووتر خاوەنی شەش كورسی بوو. لە كاتی رێكەوتنەكانیش كەریم عەلی ئاغا ئەندامی لیستی برایەتی و پێكەوە ژیان بە بێ ئاگاداری لایەن كوردستانییەكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەشداری لە كۆبونەوەی لایەنە عێراقییەكان كردبوو، لەو كۆبوونەوەیەدا وەكو لایەنی كوردی رەزامەندی نیشاندابوو كە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نەدرێتە كورد و ئەمەش نیگەرانی لایەن كوردستانییەكانی لێكەوتەوە."
