خەڵكی عێراق متمانەیان بە هێزی ئاسایشی وڵات نەماوە

خەڵكی عێراق متمانەیان بە هێزی ئاسایشی وڵات نەماوە
27 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- رۆژانە دەیان كەس لە عێراقدا بەهۆی تەقینەوە و توندوتیژییەوە دەبنە قوربانی و، ئەوەیش وای كردووە عێراقییەكان چی دیكە متمانەیان بە حكوومەت و هێزی ئاسایشی وڵات نەمێنێت.

دوێنێ 2 كەسی خۆكووژ لە ناو خۆپێشاندەرانی توركمانی شارۆچكەی \"دوزخورماتوو\"" خۆیان تەقاندەوە و، لە ئەنجامیشدا دەیان كەس بوونە قوربانی.

پەرلەمانتاری پێشووی عێراق فەوزی ئەكرەم ڕایگەیاند، 2 كەسی خۆكووژ لە ناو ژمارەیەكی زۆر لە خۆپێشاندەرانی \""دوزخورماتوو\"" خۆیان تەقاندووەتەوە و، بەو هۆیەیشەوە زیاتر لە 100 كەس كوژران و بریندار بوون.

هاوكات هەر دوێنێ ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر كەنیسەیەكی شاری بەغدا و، لە ئەنجامیشدا چەند كەسێك بریندار بوون.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردووەتە سەر كەنیسەی \""ماری\"" لە باشووری خۆرهەڵاتی بەغدا و، لە ئەنجامی ئەو هێرشەیشدا 3 كەس لە پاسەوانەكانی كەنیسەكە بریندار بوون.

لە لایەكی دیكەوە هەر دوێنێ بۆمبێك لە باكووری حیللە تەقییەوە و، بەو هۆیەیشەوە دەیان كەس بوونە قوربانی.

سەرچاوەیەكی پۆلیسی بابل ئاشكرای كرد، بۆمبێك لە باكووری حیلە بە پاسێكدا تەقیوەتەوە و، لە ئەنجامیشدا 5 كەس كوژراون و، زیاتر لە 10 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

ئەم ڕەوشە خراپەی عێراق لە كاتێكدایە هێزی ئاسایشی وڵات زۆر گەورەیە و، بودجەیەكی زەبەلاحیشی هەیە، تەنیا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق زیاتر لە 750 هەزار كەس دەبێت و، بودجەی وەزارەتی بەرگرییش 6 ملیار دۆلاری ئەمەریكی زیاترە، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش زیاتر لە 400 هەزار كارمەندی هەیە و،

بودجەكەیشی 4 ملیار زیاترە، هەربۆیەیش هاووڵاتیانی عێراق مافی خۆیانە لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكی گشتیی سوپا و، هێزی ئاسایشی وڵات نووری مالیكی بپرسن، ئەم هەموو هێزە و، ئەو بودجە زەبەلاحە چ سوودێكی هەیە لە كاتێكدا ڕۆژانە دەیان تەقینەوە ڕوو دەدەن."
Top