گەشتی ئاسمانی عێراق و سوریا راگیرا
دوای ئەوەی عیراق بەڕەسمی هەموو دەستتێوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی سوریا رەتكردەوە، رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بۆ رێگرتن لە هێنان و بردنی چەك لەنێوان هەردوو وڵاتدا، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنیش گەشتی ئاسمانی لەنێوان بەغدا و دیمەشق- دا رادەگرێت.
لەلێدوانێكدا بۆ PUKmedia هادی عامری وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاند: گەشتی ئاسمانی نێوان بەغدا و دیمەشق راگیراوە، بەهەموو شێوەیەكیش رێگری دەكەین لە هاتوچۆكردنی چەكداران لەنێوان عیراق و سوریادا، هەر هاووڵاتییەكی عیراقیش گەشت بۆ وڵاتێكی تر بكات و لەوێوە بەبێ ئاگاداری حكومەت بچێتە سوریا، حكومەت هیچ تاوانێكی نیە، ئەگەر بەو حاڵەتانەش بزانین، بێگومان رێگری لێدەكەین.
لەلایەن خۆشیەوە راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند: بەغدا رێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر بۆ رێگریكردن لەو كەسانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەشێوەیەكی قاچاغ هاتوچۆ دەكەن.
