جێگری سەرۆكی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق دەستی پێ لەكار كێشرایهوه
پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدری موشریق ناجی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر دەستلەكاركێشانەوەی جێگری سەرۆكی یەكەمی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق قوسەی سوهێل لەسەر ڕەوتی سەدری بە ئاسایی دانا و هۆكارەكەی بۆ بوونی بۆچوونێك لەنێو ڕەوتی سەدری گەڕاندەوە، بەوەی نەیتوانیوە لەكارەكانیدا سەركەوتووبێت، ناجی كە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەم لێدوانەی دا، گوتیشی \""ئێمە كۆبوونەوەی خۆمان بۆ دانانی جێگرێكی دیكە دەبێت، هاوكات ئەو هەواڵانەشی پشت ڕاست كردەوە كە سەرۆكی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر لە كارەكانی سوهێل ڕازی نەبووە و چەندین جار بە ڕێگریكردن لە لێپرسینەوەی بەرپرسان لە بەردەم ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق تۆمەتباركراوە.
جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قوسەی سوهێل دوێنێ هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە پۆستەكەی بڵاو كرایەوە و بڕیاردەری پەرلەمانیش ڕایگەیاند، ئەو لە دەستلەكاركێشانەوەكەیدا نووسیویەتی \""سوورە لەسەر دەستلەكاركێشانەوە و هۆكارەكەشی تایبەتییە\""، جێی ئاماژەیە، ئەم دەستلەكاركێشانەوەیە پاش ئەوە دێت موقتەدا سەدر لە 11ـی ئەم مانگە مۆڵەتی سێ ڕۆژی دایە سوهێل، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی بەدواداچوونی گەندەڵی بگرێتە ئەستۆی و هەڕەشەی ئەوەشی لێ كرد كە ئەگەر ڕێگری لە لێپێچینەوە لە بەرپرسان بكات، ڕەوتەكەی بەجێ بهێڵێت.
قوسەی عەبدولوەهاب سوهەیل لەدایكبووی ساڵی 1965ـە لە بەسرا، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە، دكتۆرای لە سەرچاوە ئاوییەكان لە زانكۆی بەغدا لە ساڵی 1995 بەدەست هێناوە، لە هەر دوو زانكۆی بەغدا و بەسرا مامۆستا بووە، پسپۆڕییەكەی لە بەشی جیۆلۆجییە، هەروەها لە سەنتەری زانستی دەریاكانیشدا وانەی گوتووەتەوە، لەسەر دەستی ئەو لە زانكۆی بەسرا چەندین قوتابی ماستەر و دكتۆرایان پێبەخشراوە.
لە ساڵی 2003 بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەچوارچێوەی كوتلەی نیشتمانیی سەربەخۆ كە نوێنەرایەتیی ڕەوتی سەدری دەكرد بە ژمارە 169 هەڵبژێردراوە، بووەتە ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو لە ئەنجوومەنەكە، لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك نوێنەرایەتیی ڕەوتی سەدریی كردووە، لە هەڵبژاردنی پێشووشدا بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو بووە، پاشان بووە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە 11ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا سەركردەی ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدر داوای لە سوهێل كرد دۆسییەكانی گەندەڵی ئاشكرا بكات و لێپرسینەوە لە بەرپرسەكان ئەكتیڤ بكات، هاوكات هۆشداریی دایە لە دەرچوونی لە پەیڕەوی ئالی سەدر و ڕێگریكردن لە ئاشكراكردنی گەندەڵی، ڕوونییشی كردبووەوە سوهێل شانازییەكانی خۆی لەسەر ئالی سەدر بوونیادناوە\""، سەدر بەتوندیش گوتی \""ئەگەر نایەوێت لێپرسینەوە بكات با لە لای ئێمە دەربچێت.
سوهێل زۆر لە لایەن ئەندامانی ڕەوتەكەیەوە لە هەوڵدان بۆ پەكخستنی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەتایبەت لێپرسینەوە لە بەرپرسان تۆمەتبار دەكرا، لە نێویاندا دیارترینیان هەوڵەكانی لێپرسینەوە بوو لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عەلی ئەدیب بوو لە شووباتی ڕابردوو.
هاوكات ئەندامی لیستی عێراقییە حەیدەر مولا لە 9ـی شووباتی ئەمساڵ داوای لە سەركردەی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر كرد دەست وەربدات و فەرمان بكاتە قوسەی سوهەیل بۆ ئەوەی كردەی لێپرسینەوە لە ئەدیب پەك نەخات.
ئەمەو بەرەی دیالۆگی نیشتمانی كە ساڵح موتڵەك سەرۆكایەتیی دەكات ڕایگەیاند، قوسی سوهێل لە لێپرسینەوە لە بەرپرسان ڕێگربووە و گوتوویەتی سوهێل دەستی پێ لەكار كێشراوەتەوە، نەك دەستی لەكار كێشاوەتەوە\""، حەیدەر مولا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند \""ئەو دەست پێ لەكاركێشانەوەیە ئەوپەری حیكمەت بووە، بەهۆی ئەو كار و تۆمەتە پوچانەی لە ماوەی ڕابردوو دژی ئێمە كراونەتەوە."
