توركمانەكانی خورماتوو داوای هاتنی پۆلیسی فیدراڵی دەكەن

 توركمانەكانی خورماتوو داوای هاتنی پۆلیسی فیدراڵی دەكەن
25 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- توركمانە شیعەمەزهەبەكانی خورماتوو ماوەی سێ ڕۆژە خۆپێشاندانیان سازداوە و داوای هاتنی پۆلیسی فیدراڵی دەكەن، نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارۆچكەكەیش ئەم خۆپێشاندان و داواكارییانە بە ناڕەوا ناو دەبەن و پێیانوایە، ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش چەندین بەڵگەیان لە بەردەستدایە.

خۆپێشاندانێكی نافەرمی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەڵاوێردنی نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا داوای ڕادەستكردنی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ ژێر ڕكێفی دەستەڵاتە نێوخۆییەكان كرد، ئەمەیش كاردانەوەی دەوڵەتی یاسا و چەند لایەنێكی شیعی بەدوای خۆیدا هێنا، كە لە خورماتوویش ڕەنگیدایەوە و توركمانە شیعەمەزهەبەكان خۆپێشاندانێكی نافەرمی و نا ڕێكخراویان ساز دا و ماوەی سی ڕۆژە شەقامی سەرەكیی كەركووك _ بەغدایان داخستووە، كە بە ناچاری هامشۆكەرانی ئەو هێڵە گشتییە بەنێو چەندین گوندی سنووریدا بۆ گەیشتنەوە بە شەقامی سەرەكی تێدەپەڕن.

نامەی نهێنی ڕێكخراوی بەدر
ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو كامل ئەحمەد خۆپێشاندانی توركمانە شیعەمەزهەبەكان بە نافەرمی ناودێر دەكات و دەڵێ \"توركمانە شیعەمەزهەبەكان مۆڵەتی خۆپێشاندانیان لە ئیدارەی نێوخۆیی خورماتوو وەرنەگرتووە و بە ئیعازی ڕێكخراوی بەدر هاتوونەتە سەر شەقام، كە بووەتە هۆی پەكخستنی ڕەوتی هاتووچۆ.\""

كامل ئەحمەد گوتیشی \""نامەی نهێنی ڕێكخراوی بەدرم لایە كە ئاڕاستەی جەماوەری توركمانە شیعەمەزهەبەكانی كردووە بۆ سازدانی خۆپێشاندان، ئەو نامەیە ماوەیەك بەر لە خۆپێشاندانەكان ئاڕاستەی جەماوەر كراوە، بۆیە ئەم خۆپێشاندانە پێشتر لە لایەن هادی عامری وەزیری گواستنەوەی عێراقەوە ئامادەكاری بۆ كراوە.

تەقینەوە لە گەڕەكێكی داخراودا
ڕێككەوتی 23/6/2013 تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی مینڕێژكراو گەڕەكی ئۆرتەی توركماننشینی كردە ئامانج و تەقینەوەیەكی دیكەیش لەسەر شەقامی سەرەكیی كەركووك _ بەغدا ڕووی دا، كە بە هۆیانەوە كوژراوێك و 26 برینداری لێكەوتەوە، دوابەدوای تەقینەوەكان دانیشتووانی گەڕەكە توركماننشینەكان خۆپێشاندانێكی ناڕێكخراو و نافەرمییان ئەنجام دا و تێیدا داواكاربوون هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی ڕەوانەی شارۆچكەكە بكرێت.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو سەردار فەتاح بیانووی توركمانەكان بە ناڕەوا دەزانێ و دەڵێ \""ئەگەر بیانوویان پاراستنی سەروماڵیانە، خۆ هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس هەن، بەڵام ئەوان دژی هێزەكانی ئاساییش و پۆلیسن و لە ڕووی زانیارییەوە هاوكارییان ناكەن، جگە لەوەی دەروازەی گەڕەكەكانی خۆیان داخستووە و ناهێڵن هیچ هێزێك بچێتە ژوورەوە.\""

خۆپێشاندانی مەدەنییانە نییە
كامل ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو ئەم گوتەیەی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پشتڕاست كردەوە و گوتی \""دەروازەی گەڕەكەكانیان داخستووە و دەرفەتی چوونەژوورەوەی هیچ هێزێك نادەن، جا نازانم چۆن دەكرێ لە گەڕەكێكی داخراودا تەقینەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە نایشارمەوە كە پێموایە، خودی خۆیان تەقینەوەكانیان ئەنجام داوە، تا بیانوی خۆپێشاندانیان هەبێت، چونكە یەكێك لە ئۆتۆمبێلە تەقێنراوەكان بە دەروازەی گەڕەكی ئۆرتەدا ڕەتبووە و ڕێگەی چوونەژوورەوەی بۆ ڕەخسێنراوە، پاشان بە ئاشكرا ماتۆڕسكیلێك هاتووە و شۆفێری ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەی سەرخستووە و بە دەروازەی فەرمیی گەڕەكەكەدا چوونەتە دەرێ.\""

سەردار فەتاح سەركۆنەی ئەو خۆپێشاندانەی كرد و گوتی \""وەكو ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو بە كورد و عەرەبەوە لە بەیاننامەیەكدا سەركۆنەی ئەو خۆپێشاندانەمان كردووە، چونكە مۆڵەتی فەرمییان نییە و بوونەتە هۆی دروستكردنی پشێوی و ڕێگەگرتن لە هامشۆكەران، بە ڕاستی ئەمە خۆپێشاندانی مەدەنییانە نییە، بە تایبەت ئاگركردنەوەیان لەسەر شەقامی سەرەكیی كەركووك _ بەغدا كە نیشانەیەكی ناشارستانییانەیە، دواجاریش ڕوونە كە ئامانجی سیاسی لە پشتەوەیە.\""

گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو
لە ئێستادا گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو كە زۆرینەی شارۆچكەكە پێكدێنن لە لایەن هێزەكانی ئاساییش و پێشمەرگەوە دەپارێزرێن و بە گوتەی هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكانە باری ئاساییش بەرقەرارە، ڕزگار محەممەد كە هاووڵاتییەكی كوردی گەڕەكی كۆمارییە گوتی \""لەوەتەی هێزی پێشمەرگە هاتووەتە خورماتوو و گەڕەكە كوردییەكان دەپارێزێت، سەقامگیریی ئەمنیی ناوچەكەمانی گرتووەتەوە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستەكانی دەوڵەتی یاسایە بۆیە داواكارین هەرگیز خورماتوو جێنەهێڵن و دەرفەت نەدەن دۆخی ئەمنیی ناوچەكەمان بشەمزێت.\""

جێی ئاماژەیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوایین دانیشتنیدا پرسی ڕادەستكردنەوەی فەرمانڕەوایەتی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بۆ دەستەڵاتە نێوخۆییەكانی پارێزگاكان تاوتوو كرد، بەڵام نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئەم داوایەدا نەبوون و هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت، بە گوتەی نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی شارۆچكەی خورماتوو ئەوەی ئێستا لە خورماتوو دەگوزەرێ ڕەنگدانەوەی هەڵوێستەكانی دەوڵەتی یاسایە و دەیانەوێ پۆلیسی فیدراڵی لە ژێر ڕكێفی وەزارەتی ناوخۆ یان بەرگریدا بێت."
Top