ھێزەکانی سەحوە ھەشت یەکەی سیخوری لە پارێزگای دیالە دادەمەزرێنن
لەو بارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی دیالە موقەدەم غالب عەتییە بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە لایەن ھێزەکانی سەحوە لە پارێزگای دیالە ھەشت یەکەی سیخوڕی مەیدانی لە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە دامەزراوە بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە گروپە تیرۆریستییەکان تێیدا چالاکن و بە بەردەوامی کردەی تیرۆریستی تێیدا ئەنجامدەدەن.
وتیشی: ئامانج لەو یەکە سیخورییانە بۆ مەبەستی ھاوکارکردنی ھێزە ئەمنییەکانە لە دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە کردەوە تیرۆریستییەکان لە سنوورەکە بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
وتەبێژی پۆلیسی دیالە روونیشیکردەوە: ئەو یەکانەی بەبەردەوامی چاودێری ئەندامانی گروپە تیرۆریستییەکان دەکەن بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر کارو چالاکی و جموجۆڵیان لەو ناوچانەدا و راستەوخۆش پەیوەندییان بە ھێزە ئەمنییەکانەوە ھەیە.
بە پێی ئامارەکان لە سنووری پارێزگای دیالە ھێزەکانی سەحوە ژمارەیان لە حەوت ھەزار ئەندام زیاترە و لە ناوچەکانی دیالە بڵاوەیان پێکراوە و ھاوشێوەی ھێزە ئەمنییەکان لە ھەندێ ناوچەی پارێزگاکە، بازگەی پشکنینیان ھەیە و بە بەردەوامیش لە لایەن تیرۆریستانەوە کردەوەی تیرۆریستان لە بەرامبەردا ئەنجامدەدرێت.
