عێراق رێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بۆمبی هێشوویی پەسەند کرد
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی موون لە راگەیاندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە عێراق بەڵگەنامەی پەسەندکردنی خۆی سەبارەت بە چەکی هێشوویی پێشکەش بە هاوپەیمانانی قەدەغەکردنی چەکی هێشوویی کردووە.
بەپێی راگەیاندراوەکە، \"رێککەوتننامەکە لە 1ـی تشرینی دووەمی 2013 لەسەر عێراق دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.\""
بەپێی بەندەکانی رێککەوتننامەکە بەکارهێنان، بەرهەمهێنان، کڕین و گواستنەوەی چەکی هێشوویی لەسەر وڵاتی ئەندام قەدەغە دەبێت و پابەندیشی دەکات بە لەناوبردنی هەر چەکێکی لەو جۆرەی هەیبێت.
راپۆرتەکانی هاوپەیمانانی چەکی هێشوویی ئاماژە بەوە دەدەن کە عێراق دووەمین وڵاتە کە زۆرترین ژمارەی قوربانیانی هەبووە بە هۆی بۆمبی هێشووییەوە، ئەمەش لە پاش وڵاتی لاوس. تەنها تاوەکو 2011، تیمی داکۆکیکارانی ئەو هاوپەیمانییە 3011 قوربانی ئەم جۆرە چەکە لە عێراقدا بە شێوەیەکی سەلمێنراو تۆمارکردووە، ئەگەرچی پێیوایە ژمارەی راستەقینەی تەواوی قوربانیان لەوانەیە بگاتە 8000 کەس.
بۆمبی هێشوویی، یان ئەوەی لە ناو خەڵکدا بە بۆمبی عەنقودی بە ناوبانگە، لە عێراقدا لە جەنگی کەنداوی ساڵی 1991دا بەکار هاتووە. تیمی داکۆکیکاران هەروەها روونی دەکاتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا زیاتر لە 10000 (دە هەزار) بۆمبی هێشوویان لە جەنگی روخاندنی رژێمی پێشوو لە 2003 بەکارهێناوە."
