شوان محەمەد تەها : هەندێ لایەنی سیاسی عێراقی حەز ناكەن رێكکەوتنی پەكەكە و توركیا سەر بگرێت
شوان محەمەد تەها ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.info گوتی: من وەكو ئەندامێكی پەرلەمان سەرم لەوە سوڕماوە كە ئەو هەموو هەرایە میدیاییە و سیاسییە لە سەر كشانەوەی هێزەكانەی پەكەكە و رێكکەوتنی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا روودەدات، بەپێی لێدوانی هەندێک كەسایەتی و قەوارەی سیاسی ئەوە روون و ئاشكرایە كە ئەجێندایەكی سیاسی لە پشتیان هەیە، هەروەها هەندێک لێدوانیش هەن لە بنەڕەتدا بێ ئاگان لە هاوكێشەكانی ناوچەكە و ئەو بارودۆخەی دەگوزەرێت، ئەوەی ئێستە لە ئارادایە رێككەوتنێكە لەنێوان حكوومەتی توركیا و پەكەكە ئەو رێكکەوتنە لە بەراییدا پێویستی بە كشانەوەی چەكدارانی پەكەكە هەیە لە ناو خاكی توركیاوە، بۆ شوێنی پێشووی خۆیان، كە بریتییە لە زنجیرە چیای قەندیل كە بیست ساڵ لە مەوبەر لەو ناوچەیە جێنشین بوونە. ئەو زنجیرە چیایە سنوری هاوبەشی عێراق و توركیایە ئەو زنجیرە چیایە درێژ دەبێتەوە تاوەكو سنورەکانی ئێرانیش.
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: هەندێ لایەن و كەسایەتی باس لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو زنجیرە چیایە دەكەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە توركیا یەكێكە لە ئەندامە بەهێزەكانی ناتۆ، بەڵام تاوەكو ئێست نەیتوانیوە ئەو زنجیرە چیایە كۆنتڕۆڵ بكات كەواتە بە هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقیش كۆنتڕۆڵ ناكرێت ، ئەگەر بۆ مێژوو بڕوانین دەبینین كە هێزی رژێمی بەعسیش نەیتوانیوە خۆی لە قەرەی ئەو زنجیرە چیایە بدات، ئەگەر لایەنەكان قسە لەسەر سەروەری عێراق دەكەن، ئەوە ئێمەش وەكو كورد و وەكو ئەندامانی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەو سەروەریە دەكەین و داكۆكی لە سنوری خاكی عێراق دەكەین.
شوان محەمەد تەها گوتیشی: هەندێک كەس و لایەنی سیاسی عێراق لە ژێر ئەجێندای وڵاتانی دراوسێن و پێیان خۆش نییە رێكکەوتنی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا سەر بگرێت و بەڵام دەبێت ئەو بزانن ئەو بابەتە دەبێت هۆی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی و ناوچەیی وهەروەها دەبێت هۆی هاتنە ئارایی كەشێكی ئارام بەسەر ناوچەكە، بەڵام ئەگەر باسەكە باسی كێشەی سنور بێت ئەوا عێراق لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی دراوسێ گرفتی سنوری هەیە.
