عەممار ئەلحەكیم: بۆ چارەسەری كێشەكان دەستوورمان هەیە
لە دڕێژەی سەردانەكەیدا کە بۆ هەرێمی كوردستانی ئەنجامیداوە، عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق، سەردانی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستانی كرد و لەوێدا وێڕای ئامادەبوونی د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی هاوڕێی، لەگەڵ مەلا عهبدوڵا مهلا سهعید سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیشدا باسی ئەوەكرا كە لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر ئەوەی كە پێویستە بە دیالۆگ و بە گەڕانەوە بۆ ماددە دەستوورییەكان کێشەکان چارەسەر بکەین.
لە دەقی قسەكانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەلحەكیم باسی لە سەروەرییەكانی عیراق كرد و گوتی: لە عیراق هەر كێشەیەك هەبێت پێویستە بە گەڕانەوە بە دەستوور چارەسەری بۆ بكرێت، لەبارەی كێشەی سەرۆك كۆماریش ئەلحەكیم، گوتی: جەنابی مام جەلال تاڵەبانی كەسێكی شیاوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، جارێش زووە هیچ قسەیەكی لەسەر بكرێت، بەڵام هەر كاتێك باسی جێگرەوەی سەرۆك كۆماری عیراق هاتە پێشەوە ئەوا لە بەند و ماددە دەستوورییەكان باس لە چۆنییەتی چارەسەری ئەو كێشەیە كراوە.
