سوپای عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە بەشێك لە سلێمان بەگ كۆنترۆل بكات
بەرپرسی حەوزەی حەمرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دووزخورماتوو، مەلا كەریم، تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند:\" هەرچەندە دوێنێ بەشێوەی رێكکەوتن لە نێوان هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە و بەرپرسی لیوای 16، سوپای عێراق توانی بچێتە نێو شارەدێی سلێمان بەگەوە، بەڵام تا ئێستا، سوپاكە نەیتوانیوە بچێتە نێو سەرجەم گەرەكانی ناوچەكە و بەشێك لە ناوچەكە نەكەوتۆتە ژێردەسەڵاتی سوپای عێراقەوە\"".
مەلا كەریم گوتی: هۆكاری ئەمە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی رابردوودا كە شارەدێیەكە بە دەستی چەكدارەكانەوە بووە، لە كاتی كشانەوەیاندا ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویان داناوە و هێزە ئەمنیەكانیش لە ترسی تەقاندنەوەی ئەو بۆمبانە نەیانتوانیوە بگەنە هەندێ ناوچەی شارەدێیەكە و حالی حازر تیمێكی تایبەت بە تەقەمنییەكان سەرقاڵی هەڵگرتنەوە و پووچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبانەن.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاماژەشی بەوەدا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووی شەڕ و پێكدادانەكاندا، بە پێی دواین زانیاری تا ئێستا زیاتر لە 15 كوژراو هەیە كە زۆربەیان لە چەكدارەكانن.
زیاتر وتی، هەر بەهۆی ئەو شەڕوپێكدادانانەوە، بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی سلێمان بەگ پەرتەوازە و ئاواربوونە و ناوچەكەیان بەجێهێشتووە."
