بریارەكەی مالكی لە بارەی گواستنەوەی ئەفسەرە كوردەكان سێ لیوای سوپای عێراق دەگرێتەوە

بریارەكەی مالكی لە بارەی گواستنەوەی ئەفسەرە كوردەكان سێ لیوای سوپای عێراق دەگرێتەوە
27ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- پاش ئەوەی كەمێك لەمەوبەر ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بریارەكەی مالیكی لەبارەی گواستنەوەی ئەفسەرە كوردەكانی سوپای عێراق بۆ پارێزگای ئەنبار بڵاوكردەوە، بە پێی هەندێ زانیاری نوێ ئەم بریار ئەفسەرە كوردەكانی سنووری لیواكانی 2 و 18 و 21 ی گرتووەتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە دەزگای هەواڵگری لیوای چواری سوپای عێراقەوە لە جەلەولا دەست ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر كەوتووە، دوێنێ‌ ئێوارە \"نوری مالیكی\"" سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بروسكەیەكی بەپەلەی لە رێگەی فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی عێراقەوە ئاراستەی سەرجەم سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای دیالە كردووە و تێدا بریاریداوە بە گواستنەوەی سەرجەم ئەفسەرە كوردەكانی نێو سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای دیالەوە بۆ پارێزگاری ئەنبار.

بە پێی نوێترین زانیاریش لە بارەی ئەو بڕیارەوە، بە وتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە جەلەولا، بریارەكە سنووری سێ لیوای سوپای عێراق دەگرێتەوە بەمشێوەیە، فەوجی سێی لیوای دوو، فەوجی یەكی لیوای 18، فەوجی دووی لیوای 21.

هەروەها ئاماژەشیدا،، بە پێی بڕیارەكە، سەرجەم ئەفسەرە كوردەكان بە پلە جیاوازەكانەوە كە سەر بەو فەوجانەن، دەبێت بگوازرێنەوە بۆ فیرقەی یەك لە پارێزگای ئەنبار.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، بەهۆی پێكدادانەكان، تا ئێستا بریارەكە بە تەواوی بڵاونەبۆتەوە و بە دڵنیاییەوە نیگەرانی ئەفسەرە كوردەكانی لێدەكەوێتەوە و پێناچێت ئەو بڕیارە جێبەجێبكەن.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتی، بریارەكە مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە و پێدەچێت مالیكی بیەوێت لە ڕێگەی گواستنەوەی ئەو ئەفسەرانەوە كورد پەڵكێشی نێو شەڕو پێكدادانەكان بكات."
Top