سەدر شكستی دەنگدانەكان دەخاتە ئەستۆی حكومەت

سەدر شكستی دەنگدانەكان دەخاتە ئەستۆی حكومەت
21ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- سەرۆكی رەوتی سەدر حكومەتی ناوەندی تۆمەتبار دەكات بەرامبەر بە شكستەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزكانی عیراق، كە رۆژی شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامەیەكدا موقتەدا سەدر رایگەیاند: شكستەكان ئەنجامی گەندەڵی و تیرۆرە كە لە وڵاتدا هەن، جەختیشیكردەوە كە ئەو هۆكارانە كاریگەرییان هەبووە لە دەنگنەدانی زۆرێك لە عیراقییەكان.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا سەدر ئاماژەی بەوەكردووە كە كۆنتڕۆڵ نەكردنی تیرۆر و دانەنانی میكانیزمی پێویست و گونجاو بۆ دەنگدان، هەروەها قەدەغەكردنی هاتوچۆ بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەرییان هەبووە لەسەر بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگداندا، ئەمە جگەلەو گەندەڵی و كەمتەرخەمییەی كە بەهۆی زاڵبوونی حزب و تێكشكانی ژمارەیەك لە كەساتییەكان لە ئارادان.

هەر لە بەیاننامەكەدا سەرۆكی رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت كە نوێنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران هۆكارێك بوو كە بە ناچاری بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكەن، لە هەمان كاتدا رۆڵی هاووڵاتیانی بەرزنرخاند كە روویان لە ناوەندەكانی دەنگدان كردووە، هاوكات ستایشی هێزە ئەمنییەكانی كرد كە ئەركی هێمنی بەڕێوەچوون و پاراستنی هاووڵاتیان گرتبووە ئەستۆ.
Top