عیراقییه‌ بایكۆتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات

عیراقییه‌ بایكۆتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات
25ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- كوتله‌ی عیراقییه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا بایكۆتی دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان بكات تا ئه‌وكاته‌ی مه‌رجه‌كانی خۆپیشانده‌رانی سوننه‌ ده‌خرێته‌ ناو كارنامه‌ی په‌رله‌مان.
وه‌حده‌ جومه‌یلی، په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ كوتله‌ی عیراقییه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كارنامه‌ی دانیشتنی رۆژی 26-3 ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تاوتوێكردنی داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی تێدا نه‌بووه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ینێ بكه‌ین.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، كارنامه‌ی دانیشتنی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بریتییه‌ له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر چه‌ندین پڕۆژه‌یاسا و ئه‌و رێككه‌وتننامانه‌ی كه‌ حكومه‌تی عیراق له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌تێكدا ئیمزای كردوون.
كوتله‌ی عیراقییه‌ پێداگرییه‌كی زۆر ده‌كات له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داخوازی خۆپیشانده‌رانی عه‌ره‌بی سوننه‌، كه‌ ماوه‌ی 3 مانگه‌ له‌ چه‌ند شارێكی سوننه‌ نشین خۆپیشاندانی به‌رده‌وام ئه‌نجام ده‌ده‌ن، گرنگترین داواكارییه‌كانیشیان بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مادده‌ی 4 ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یاسای لێپرسینه‌وه‌و دادپه‌روه‌ری و ده‌ركردنی یاسای لێبوردنی گشتی.
Top