حیزبوللای عێراقیی سەر بە نوری مالیکییە
د.حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info رایگەیاند: ھەڕەشەکانی ئەمینداری گشتی حیزبوللای عێراقی واسق بەتات ھیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر کورد نییە، بەڵام مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر سونەکان و ئەگەری ئەوە ھەیە شەڕی تائیفی دروست بێت، بۆیە پێویستە کورد لە نێوەخۆیدا یەک ھەڵوێست بن و نەبنە لایەنێک لەم کێشەیەدا.
د.حەمید باڤی گوتیشی: حیزبوللای عێراقی سەر بە نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و بەئاشکرا پشتگیریان لێدەکات، چونکە ماوەیەک پێش ئێستا مالیکی ھەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد، گوتی ئەگەر کۆتایی بە خۆپیشاندان نەھێنن بەھێز بڵاوەیان پێدەکات، کەمەبەستی لەھێز حیزبوللای عێراقی بوو.
باڤی ڕاشیگەیاند: سونەکان ئێستا سەرقاڵی ئەوەن ھەرێم پێکبێنن، بۆیە نوری مالکی لەماوەی دوو رۆژی رابردوو کە سەردانی پارێزگای بەسرای کرد بۆئەوە بوو شیعەکان ئاگاداربکاتەوە و خۆیان ئامادەبکەن گەر سونەکان ھەرێمی پێکبێنن رێگریان لێبکەن، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانیش نزیک بۆتەوە ڕێگانەدەن سونەکان سەرکەوتن بەدەستبێنن.
ناوبراو رونیشیکردەوە، سونە و شیعە خۆیان لە کورد نزیک دەکەنەوە بۆ ئەوەی بۆ لای خۆیان رایانبکێشن، بەڵام پێویستە کورد وریا بێت و نەبێتە لایەنگری ھیچ لایەک.
ئەمینداری گشتی حیزبوللای عێراقی واسق بەتات ھەڕەشەی لە کورد و سونەکان کردبوو، گەر کوردەکان باسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکەن، لەکوردستانیش دەریان دەکەن.
