شەرقولئەوسەت: مەرجەعی شیعەكان بە مالیكی ڕاگەیاندووە، ئەگەر تەنازول بۆ كورد نەكەی دەتگۆڕین
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی كردووەتەوە، هاوپەیمانیی نیشتمانی بەم دوواییە هەڵوێستی لەهەمبەر دۆخی قەیراناویی ئێستای عێراق بە تایبەت پێوەندییان لەگەڵ كورد گۆڕاوە و ئاماژەیان داوە كە رەنگە یەكێك بخەنە شوێنی مالیكییەوە.
سەركردەیەكی كورد كە نەیویستووە ناوی ببرێت بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە، مەرجەعی شیعەكان گوشاریان خستووەتە سەر مالیكی تا بە حیساباتەكانیدا بچێتەوە و هەندێك تەنازول بۆ سەركردایەتیی كورد بكات بە ئامانجی ڕازیكردنیان و گێڕانەوەی ڕەوشەكە بۆ دۆخی پێشووی.
ئەو بەرپرسە كوردە ئاشكرایشی كردووە، مالیكی هەنگاوی تەنازولكردنی ناوە و گرینگترینیان: هەڵوەشاندنەوەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، گێڕانەوەی فڕۆكەخانەی كەركووك بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكە و كردنی بە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی و دواتەنازولیشی رازیبوونیەتی بە كردنەوەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا كە بە هۆی كێشەكانی نێوانیانەوە حكوومەتی فیدراڵ دایخستبوو.
ئەو سەرچاوەیە هاوكات دەڵێت، مەرجەعی شیعەكان بە درككردن بە مەترسیی لەبارچوونی پێوەندیی نێوان كورد – شیعە كە بە هۆی سیاسەتەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكییەوەیە، هاوكات بە سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی سوننەكانەوە و مەترسیی گەیشتنی بە بەغدای پایتەخت، گەیشتووەتە باوەڕێك كە مالیكییان سەرپشك كردووە لە: ئەنجامدانی چاكسازیی سیاسیی پێویست و كاركردن بۆ هێوركردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ كورد، یان دەستلەكاركێشانەوە و دانانی كەسێكی دیكە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی لە جێگەكەی.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتوویەتی، ئەو شوێنگرەوەیەی مالیكی، ئەندامی هاوپەیمانەتیی شیعەكان، تاریق نەجمە و مەرجەعییەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانییش لە دانانی ئەو كەسایەتییە لە شوێنەكەی مالیكی لارییان نییە. ئەو دەڵێت \"ئەو پرسە لە دانوستانێكی نهێنیی نێوان شیعەكان و سەركردایەتیی كوردستاندا خراوەتە بەر باس.\"" بەڵام ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستتان، عەدنان موفتی، بە هەمان ڕۆژنامەی گوتووە كە نوێنەری هاوپەیمانیی شیعەكان و سەركردایەتیی سیاسیی كورد، قەیرانی سیاسی و چۆنیەتیی ڕێككەوتن لەبارەی ئەو ڕێوشوێنانەی كە بەمەبەستی چارەكردن دەگیرێنە خستووەتە بەر باس، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئەو گۆڕینی مالیكی باس نەكراوە.
موفتی هاوكات گوتوویەتی كە لە دانوستانی نێوانیاندا(سەركی هەرێم و حیزبە سیاسییە كوردستانییەكان) كە دوێنێ بەڕێوە چوو، بابەتگەلی پێوەست بە ئەو قەیران سیاسییە و دیدار و كۆبوونەوەكانی ئەم دوواییەی نێوان سەركردایەتیی هەرێم و لایەنە عێراقییەكان، لە نێویاندا شاندی شیعی و سەكردەكانی لیستی عێراقییە بە باش هەڵسەنگێنران. ئەو دەڵێت بە گشتی دۆخەكە بۆ سازدانی دانوستان و لێكتێگەیشتن و دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق لەبارە، بەڵام ناشێت دانوستانەكان بە شێوەی پێشوویان ئەنجام بدرێن و تەنیا لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵدا كۆ بكرێنەوە، بەڵكە پێویستە بەرفراوانتر بكرێت و كۆی لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشدار ببن."
