لە ترسی خۆپیشاندان دەروازەکانی بەغداد بەڕووی ھاووڵاتیان دا دادەخرێت

لە ترسی خۆپیشاندان دەروازەکانی بەغداد بەڕووی ھاووڵاتیان دا دادەخرێت
11 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاشکرایکرد ھێزە ئەمنییەکان رێگریان کردووە لە ھاتنەناوەوەی ھاووڵاتیانی ھەردوو پارێزگای سەلاحەدین و نەینەوا بۆ ناو بەغداد، لە ترسی بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی ھەینی داھاتوودا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە، ھێزە ئەمنییەکان لە قەزای تاجی لە دەروازەی بەغداد، دوای پشکنینی ناسنامەکەیان رێگریان کردووە لە چوونە ناوەوەی ھاووڵاتیانی ھەردوو پارێزگای نەینەواو سەلاحەدین، رونیشیکردەوە دەیان ھاووڵاتی چاوەڕێی چوونە ژورەوەن بۆ ناو پایتەخت بەڵام رێگەیان پێنادرێت.
ئەم رێوشوێنانە دوای داواکاری لیژنەکانی ھەماھەنگی دێت کە داوای خۆپیشاندانی بەرفراوانیان کردووە لە بەغداد رۆژی ھەینی داھاتوو.
Top