ئێران دەخوازێت مالیكی و عیساوی ئاشت بكاتەوە

ئێران دەخوازێت مالیكی و عیساوی ئاشت بكاتەوە
12ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- سەرۆكی رێكخراوی بەدر و ئەندام لەسەركرایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی، لەسەر داواكاری ئێران ناوبژیوانی لەنێوان رافع عیساوی وەزیری دارایی و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی نزیك لە هادی عامری سەرۆكی رێكخراوەكە، بە تۆڕی راگەیاندنی سەربەخۆی زەوڕای راگەیاند:وەزیری دارایی عێراق بەلای ئێرانەوە كەسایەتییەكی گرنگی سوننەیە و پەیوەندی باشیش لەنێوان هەر دوولا هەیە، بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستادا، ئێران ناخوازێت، كەسایەتێكی وا لەدەست خۆی بدات، بۆیە سەرۆكی رێكخراوی بەدری راسپاردووە، لەبەرامبەر گەیشتن بەرێككەوتنێك لەنێوان مالیكی و عیساویدا ناوبژیوانی بكات، سەرچاوەكە هەروەها راشیگەیاند: گرێبەستی رێككەوتنەكە لەنێوان نوری مالیكی و عیساویدا نزیك بۆتەوە، بەشێوەیەك پاسەوانەكانی عیساوی لە پارێزگای ئەنبار دادگایی بكرێن و پەیمانی ئازادكردنی 200 بەندكراویش بەعیساوی دراوە و هەندێك لە ئەندامانی بەعسی پێشووش كە لەپلەی ئەندام فیرقە و بەرەو سەرتر بوونە، خانەنشین بكرێن، هەروەها ژمارەیەك ئەفسەری پێشووی سوپای عێراقیش كە لە پلەی عەقید و بەرەو خوارتربوونە، بۆ ریزەكانی سوپای عێراق بگەڕێنەوە.
Top