ژمارەیەك زیندانیی رێكخراوی قاعیدە لە بەغدا هەڵاتن

ژمارەیەك زیندانیی رێكخراوی قاعیدە لە بەغدا هەڵاتن
12ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- ژمارەیەك لە زیندانیی كۆنە ئەندامی رێكخراوی قاعیدە، لە بەندیخانەی تاجی شاری بەغدا بە چەكەوە هەڵاتن.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆڕك تایمزی ئەمریكی، كۆمەڵێك زیندانی لە بەندیخانەی تاجی لەنزیك شاری بەغدا پایتەختی عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە چەكەوە هەڵاتن و هەتا ئێستاش هیچ كام لەو زیندانیانە دەستگیر نەكراونەتەوە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەو زیندانە، زیندانیەكان لە پەنچەرەی یەكێك لە ژووری زیندانەكانەوە هەڵهاتوون و چەكی پاسەوانەكانیان بردووە، بەڵام زانیاری تەواو نییە لەسەر ئەوەی چەند زیندانی هەڵهاتوون، بەڵام ئەوە ئاشكرا بووە كە هەندێك لەو هەڵهاتووانە كۆنە ئەندامی رێكخراوی قاعیدە بوون و لەسەر كاری تیرۆرستی زیندانی كراون و هەندێكیشیان چاوەڕێی جێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان بوون.

هەروەها ئاشكراش بووە كە ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی ئەو زیندانە ئێستا دەستگیر كراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بزانن كە ئایا ئەوان یارمەتی ئەو زیندانییانەیان داوە یان نا؟.
Top