ئوسامە جەمیل: مالیكی سەری لێشێواوە و وەك دیكتاتۆر بیر دەكاتەوە و بەتەنیا ماوەتەوە
ئوسامە جەمیل، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی لە لێدوانێكی تایبەتی گولان رایگەیاند: لە مێژبوو چاوەڕوانی ئەوە دەكرا كە ئەو هاوارەی لە كورد هەڵساوە بەرامبەر بەوەی كە مالیكی پەیوەست نییە بە دەستوور و دەیەوێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت و كۆنترۆڵی هەموو لایەنەكانی سیاسی و سەربازی و ئابووری عێراق بكات، چاوەڕوان دەكرا لایەنەكانی دیكەش یان تایەفەكانی دیكەو عەرەبی سوننەش هاواری لێ هەڵبستێت، چونكە ئەوان بەردەوام گیریان بەدەستییەوە خواردووەو بەردەوام هەوڵ دەدات بچووكیان بكاتەوە، وا بكات كە تەنیا حزبی دەعوەو دەوڵەتی یاسا حوكمی عێراق بكەن.
پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو زیاتر گوتی: من لەو باوەڕەدام كە ئەو خۆپیشاندانانە درێژە دەكێشن و بەردەوام دەبن و مالیكیش ناچاردەبێت تەنازول لە كۆمەڵێك شت بكات و بێتەوە ئەو ئاستەی كە دەستوور بۆی داناوە، بە پێچەوانەوە زۆر زیانی پێدەگات و پێگەی جەماوەریی خۆی كەم دەبێتەوە، رەنگە لە ناو حزبی دەعوەش یان دەوڵەتی یاسا كەسانێك هەبن كە بەم رەفتارانەی مالیكی رازی نەبن، چونكە هەر لەو دووسێ رۆژەی رابردوودا هەندێك هەبوون وەكو حوسێن ئەسەدی كوتلەیەكی نوێیان دروست كردووە، دیارە خەڵكانێك هەن كە بە سیاسەتی مالیكی قایل نین، بۆیە رەنگە حزبی دەعوە ئەو كاتە بیرلەوە بكاتەوە ئەو بگۆڕێت یان یەكێكی دیكە بێنن ئەگەر نا لە هەڵبژاردنەكاندا حەتمەن زەرەرێكی زۆر دەكەن، چونكە شیعەش هاواری لێ هەستایە دەبینین موقتەدا سەدر ناڕازییە و ئیبراهیم جەعفەریش لە هەوڵی هێوركردنەوەی رەوشەكەدایە، ئەنجومەنی باڵاو عەممار ئەلحەكیم بە هەمان شێوە، ئەو مالیكییە وەنەبێ تەنیا دژی سوننەو كورد بێت تەنانەت شیعەكانیش لێی بێزارن.
ئوسامە جەمیل: سەبارەت بەوەی مالیكی كە گووتبوی پەرلەمان شەرعیەتی نەماوە، ئەم قسەیەی رێك پێچەوانەی قسەیەكی دیكەیەتی ئەو پێشتر گوتبووی پەرلەمان شەرعییەتی نەماوە كەچی دواتر دەڵێت هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی خۆپیشاندەران داوای دەكەن لە دەسەڵاتی مندا نییە، بەڵكو ئیشی پەرلەمانە! جا ئەگەر شەرعییەتی نەماوە چۆن ئەو قسەیە دەكات بە راستی سەری لێشێواوە و هەر رۆژەی كەوتۆتە تەنگژەیەك، شەرعییەتی پەرلەمان و نەمانی لەلایەن میللەتەوە بڕیاری لێدەدرێت، هەربۆیە مالیكی لەبەر ئەوەی مەیلێكی دكتاتۆری هەیە، وەك دیكتاتۆر مامەڵە دەكات و، دەیەوێت چۆن بیر دەكاتەوەو دەڕوانێتە مەسەلەكان هەموو كەس وەكو ئەو بیربكەنەوە، دیارە ئەوەش سەرناگرێت و خۆی زەرەرمەند دەبێت.
