هاوپەیمانی كوردستانى: هیچ ئیرادەیەكی راستەقینە لای دەوڵەتی یاسا بەدی ناكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
موئەیەد تەیب، وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانتاری عێراق بە (گوڵان) ی راگەیاند: راستە ئێمە ئێستا لە لووتكەی ناكۆكیەكانداین و هیچ رێككەوتنێكیش لە ئاسۆدا بۆ چارەسەركردن لە ئارادا نییە، بۆیە پێشبینیەكان بەوجۆرەن تا ئەم خوولە بەكۆتادێت یان هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت، قەیرانەكان هەر زیاتر دەبن.
وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانی گوتیشی: هیچ ئیرادەیەكی راستەقینە لای دەوڵەتی یاسا بەدی ناكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بۆیە هەر كاتێك قەیرانێك دێتە پێشەوە مالیكی پەنا دەباتە بەر هەڕەشەكردن. بێگومان ئەمجارەش هەر وایكرد، هەروەك چۆن كاتێ قەیرانێك سەری هەڵدا لە نێوان حكومەتی بەغداو هەرێمی كوردستان لە خانەقین و موسڵ و كەركوك هەر پەنای بۆ لەشكر و هەڕەشە برد، ئەگەر پەنا بۆ هەڕەشە ببات هەموو پرۆسەی سیاسی هەرەس دەهێنێت، چونكە ئەو خۆپیشاندانانە كەسێك و لایەنێك نەیكردووە، بەڵكو جەماوەر كردوویەتی.
موئەیەد تەیب: ئەو قەیرانەی ئێستا هۆیەكانی دیارن، ئەوانەن كە سەرۆك بارزانی پێش ساڵێك دەست نیشانی كردبوون، كە ئەمە مەسەلەی حوكمە، كەیسی چەند زیندانییەك نییە، حوكم بە تاكڕەوی دەكرێت لە عێراق، رێكەوتنی سیاسی دەكرێت و بەشداربووەكان لە پرۆسەی سیاسی پشتگوێ دەخرێن، ئەگەر پەنا ببرێتە بەر توندوتیژی ئەوە بارودۆخەكە لەدەست دەردەچێت، راستە سیستمی حوكم و دەستوور رێگە نادەن هیچ دیكتاتۆرێك لە عێراق پەیدا ببێت، ئەگەر پەیداشبوو ئەوا هەموو عێراقییەكان دژی دەوەستن.
زیاتر گوتی: ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە مالیكی ئەو دەسەڵاتەی نییە ببێتە دكتاتۆرێك لە عێراق، بەڵام تاكڕەوی لێ بەدێ دەكرێت، بۆیە ئەگەر ڕێی لێ نەگیرێت ئەوە بەرەو دكتاتۆریەت دەچێت. لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو لیستی دەوڵەتی یاسا بە تەنیا لە مالیكی رازی بن، ئەوە بەس نییە كە ببێتە سەرۆك وەزیران لە عێراق، ئێمە دەزانین كە عێراقیە و رەوتی سەدر و هاوپەیمانيی كوردستانی ئەوانە كە هەموویان بەشدارن لە حكومەت كێشەیان لەگەڵ مالیكی هەیە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا شكستی ئەو پیشان دەدات لە فەرمانڕەوایی كردنی عێراق. هەربۆیه ئەگەر لەسەر ئەو مەیلەی ئێستای بەردەوام بێت، ئەوا هەموو پرۆسەی سیاسی عێراق بەرەو هەرەس دەچێت. من پێموایە ئێستاش دەرفەت ماوە بۆ ئەوەی بارودۆخەكە رابگرینەوە، ئەویش ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ رێكەوتننامە سیاسییەكان و شەراكەتی نیشتمانی، بەڵام ئایا مالیكی بەمە قایل دەبێت؟ ئەمەیە پرسیارەكە.
