دیالە.. لە ماوەی ئەمساڵدا ١٥٠٠ تیرۆریست دەستگیرکراون و ١٢ تیرۆرستیش کوژراون

دیالە.. لە ماوەی ئەمساڵدا ١٥٠٠ تیرۆریست دەستگیرکراون و ١٢ تیرۆرستیش کوژراون
29ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- بە پێی ئامارێکی پۆلیسی دیالە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٢دا، لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ھەزار و ٥٠٠ تیرۆریست دەستگیرکراون و ١٢ تیرۆرستیش کوژراون، ھەروەھا ٩٠ گروپی چەکدار ھەڵوەشێنراونەتەوە.

لەمبارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی دیالە موقەدەم غالب عەتییە تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٢ لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری پارێزگای دیالە ھەزار و ٥٠٠ تیرۆریست دەستگیرکراون کە بە پێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراون و لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی گەورەی سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی تێدابووە.
عەتییە ئاماژەشیدا: ھەر لەمساڵدا لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە توانراوە ٩٠ گروپی چەکدار ھەڵبوەشێنرێنەوە کە زۆربەیان سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بوون, ھەر بۆیە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانە و دەستگیرکردنی تیرۆرستان رۆڵێکی باشی ھەبووە لە گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە و کەمبونەوەی رێژەی کردە تیرۆریستییەکان لەسنوورەکەدا.
ئاماژەیدا؛ ھەر لە ٢٠١٢دا، لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە ١٢ تیرۆریست کوژراون و دوو تیرۆریستی دیکەش بە برینداری دەستگیرکراون، ئەمەش بەھۆی رووبەرووبونەوەی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکاندا.
وتەبێژی پۆلیسی دیالە روونیشیکردەوە: ٣٥ حاڵەتی ڕفاندنی ھاوڵاتیانیش تۆمار کراوە کە زۆربەیان لە ژن و منداڵ پێکھاتوون و ژمارەیەکیشیان سەرمایەدار و بەڵێندەر بوونە، دواتر لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە توانراوە ٣٣ کەس لە رفێنراوان ئازاد بکرێن و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا دووکەسیان بێسەروشوێنن.
لە ساڵی ٢٠١٢ ژمارەیەکی زۆر کردەی تیرۆریستی لە سنووری پارێزگاری دیالە ئەنجامدران کە بەھۆیانەوە بە سەدان ھاوڵاتی کوژران و برینداربوون کە ژمارەیەک لە قوربانییەکان ھێزە ئەمنییەکان بوون، دیارترینیشیان تەقینەوەکەی ناوچەی شفتەی باقووبە بوو کە دەیان کوژراو برینداری لێکەوتەوە.
Top