مالیكی نایەوێ پۆستە ئەمنییەكان یەكلا بكرێنەوە

  مالیكی نایەوێ پۆستە ئەمنییەكان یەكلا بكرێنەوە
16ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- پەرلەمانتارە كوردەكان لە پەرلەمانی عێراق، پێیان وایە تا مالیكی سەرۆكوەزیران بێت، هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بە وەكالەت لەلایەن ئەوەوە بەڕێوە دەبرێن.

سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق نەجیب باڵەتەیی دەڵێ \"ئەو قەیرانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەیە، هۆكارە سەرەكیییەكەی تاكڕۆیی مالیكییە لە حوكمڕانیدا، نەك هەر ئەم دوو ساڵە، بەڵكوو ئەو لە خولی ڕابردوویشدا بەردەوام بەو شێوەیە ڕەفتاری كردووە. سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت بواری ئەمنی هەموو لە ژێر دەستی ئەودا بێت، لەبەر ئەمەیشە ڕێگەی نەداوە پۆستە ئەمنییەكان یەكلا بكرێنەوە.\""

بە پێی قسەكانی پەرلەمانتاری لیستی گۆڕان هەڤاڵ كوێستانی، تا ئێستا لیستی عێراقییە چەندین كاندیدیان بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتانە پێشكەش كردووە، بەڵام دەوڵەتی یاسا ڕازی نەبووە.

بە گوتەی نەجیب باڵەتەیی، مالیكی نایەوێت ئەو پۆستانە یەكلا بكرێنەوە، چونكە ئەو كەسانەی بە وەكالەت ئەو پۆستانە بەڕێوە دەبەن، لە ژێر دەستەڵاتی مالیكیدان.

ئەو دەڵێ \""ئەگەر لایەنێكی دیكە ئەو وەزارەتانەی لە ژێر دەستدا بایە، هاوسەنگییەك لە عێراقدا دروست دەبوو.\""

باڵەتەیی پێی وایە لەو بارەیەوە تا ئێستایش پەرلەمانی عێراق بە كاری خۆی هەڵنەستاوە و ڕۆڵێكی لاواز دەبینێت.

هەڤاڵ كوێستانییش هەمان بۆچوونی باڵەتەیی هەیە. ئەو دەڵێ \""ئەگەر ئەو پۆستانە لە لایەن كەسانی سەر بە لایەنەكانی دیكەوە بەڕێوە ببرانایە، جۆرێك لە هاوسەنگی دروست دەبوو و مەترسیی ئەوەیش كەمتر دەبوو كە هەموو هێزی عەسكەری بكەوێتە دەست كەس و لایەنێك.\""

پڕۆفایل
لە 7ـی‌ ئازاری‌ 2010ـدا، هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق ئەنجام درا و پاش ماوەیەكی زۆر و لە ڕێككەوتنامەی هەولێردا، حكوومەتی نوێ پێك هێنرا، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا وەزارەتە ئەمنییەكانی‌ عێراق، وەك وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، بە وەكالەت لە لایەن نووری مالیكییەوە بەڕێوە دەبرێن، بێ ئەوەی پەرلەمانی بەغدا دەنگ لەسەر وەزیرەكان بدات."
Top