حارس زاری: مالیكی داوای لێ كردم لە حکوومەتەکەیدا نوێنەرایەتیی سوننە بكەم، بەڵام ڕەتم كردەوە

حارس زاری: مالیكی داوای لێ كردم لە حکوومەتەکەیدا نوێنەرایەتیی سوننە بكەم، بەڵام ڕەتم كردەوە
16ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- ئەمینداری گشتیی دەستەی زانایانی سوننە، حارس زاری، ئاشكرای كرد كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، سێ نامەی بۆ ناردووە و تێیاندا داوای لە ئەو(زاری) كردووە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و نوێنەرایەتیی سوننەكان بكات. هاوكات بەڵێنی پێی داوە كە یادداشتی دەستگیركردنەكەی كە لە 2006 بە مەبەستی دەستگیركردنی دەرچووە، بكێشێتەوە.
زاری كە بە سوننەیەكی توندڕۆ لە عێراقدا ناسراوە، بۆ ڕۆژنامەی \"شەرق\""ـی قەتەری ئاماژەی داوە كە مالیكی پێی ڕاگەیاندووە كە ئەو یادداشتەی دەستگیركردنەی دەكێشێتەوە بەرانبەر بە بریاردان لە نوێنەرایەتیكردنی سوننەكان لە عێراقدا. مالیكی هەروەها پیچی گوتووە \""ئەوانەی نوێنەرایەتیی سوننەكان دەكەن لە حكوومەتدا لاوازن و وەها دیارە كە چاكی و باشە لەوەدایە تۆ (زاری) نوێنەرایەتیی سوننە بكەیت؛ ئەگەر بەم داوایە ڕازی بیت یادداشتی دەستگیركردنەكەت هەڵدەوەشێنمەوە.\""
زاری دەڵێت وەها وەڵامی مالیكی داوەتەوە \""ئێمە لە ئەو سوننانە جیاواز نین كە لە حوكمڕانەتیدا بەشدارییان كردووە و بەشداریكردنمان لە حكوومەتدا بە پێویست نابینم.\""
زاری هاوكات ڕەوشی هەنوكەیی عێراق بە ناهەموارتر لەوەی ڕاگەیاندن و حكوومەتەكەی مالیكی دەیخەنە ڕوو، وەسف كرد و گوتی \""ئەوەی ڕۆژێك بەرەنگاری ئەمەریكا بووبێتەوە حكوومەت دادگایی دەكات و بە تۆمەتی تیرۆر لە داری دەدات.\"""
Top