تەنها بە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی هەولێر سەرۆك بارزانی بەشداری كۆنگرەی نیشتیمانی دەكات

تەنها بە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی هەولێر سەرۆك بارزانی بەشداری كۆنگرەی نیشتیمانی دەكات
7 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانیی كوردستانی دەڵێت ئەگەر ڕوون ببێتەوە ڕێككەوتننامەی هەولێر جێبەجێ دەكرێت و لایەنەكان بە دەستوورەوە پابەند دەبن، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی كۆنگرەی نیشتیمانی دەكات. لەسەر ئەو بڕوایەیشە كە بە هۆی ئەوەی هێشتا لایەنەكان لەبارەی كاتی سازدانییەوە ڕێك نەكەوتوون، بەم زووانە كۆنگرەكە نابەسترێت.
پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی، موحسین سەعدوون، ڕوونی كردەوە كە هێشتا لایەنەكانی عێراق دیتیان لە چۆنیەتیی چارەكردنی قەیرانی سیاسیی عێراق و كاتی سازدانی كۆنگرەی نیشتیمانی كە مەبەست لێی كۆتاییهاتن بە كێشە و ململانێكانە ڕوون نییە؛ بۆیە بەم زووانە كۆنگرەی نیشتیمانی نابەسترێت.
دوێنێ شەممە، سەعدوون لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا هەروەها ڕایگەیاند كە سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی، بۆ ڕووسیا و چیكیش ڕەنگە هۆكارێك بێت لە دواخستنی زیاتری كۆنگرەی نیشتیمانی بۆ كاتێكی دیكە.
ئەو جەختی كردەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، یەكێك لە بەشدارانی كۆنگرە دەبێت، بەڵام ئەگەر بێت و دیتی لایەنەكان لەبارەی چۆنیەتیی چارەكردنی كێشەكان و خشتەی كاری كۆنگرەوە ڕێك بكەون، هەروەها پابەندبوون بە دەستوور و گەرەنتیی جێبەجێكدرنی ڕێككەوتننامەی هەولێر لەخۆ بگرێت.
Top