بایدن: نابێت خاك و ئاسمانی عێراق بۆ گوازتنەوەی چەك بۆ سووریا بە كار ببرێت
دوێنێ هەینی، جۆو بایدن و مالیكی، بەكارنەبردنی ئاسمانی عێراق لە لایەن ئێرانەوە بۆ مەبەستی گوازتنەوەی چەك بۆ سووریایان خستە بەر باس. ئەمە یەكەمین پێوەندیی باڵای نێوان واشنتۆن و بەغدایە لەو بارەیەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی ڕۆژاوا ئاماژەیان دابیوو كە فڕۆكەكانی ئێران لە ڕێی ئاسمانی عێراقەوە چەك و سەرباز بۆ سووریا دەگوازنەوە، كە مەبەست لێی هاوكاریكردنی سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەدە، دژبە ڕاپەڕینی سووریاییەكان كە داوای لادانی ئەسەد و گۆڕینی ڕژێمەكەی دەكەن و زیاتر لە 18 مانگە بەرپا بووە.
عێراق پێنجشەممەی ڕابردوو بەكاربردنی ئاسمانی وڵاتەی بۆ ئەو مەبەستە ڕەت كردووەتەوە. ڕاپۆرتێكیش ئاماژە دەدات كە سوپای پاسداران گوازتنەوەی ئەو چەكانە یگرتووەتە ئەستۆ و گەشتەكانیش ئەو ڕێكی خستوون.
كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكیدا لەبارەی گفتوگۆی نێوان بایدن و مالیكییەوە دەڵێت \"جێگری سەرۆك و سەرۆكوەزیران، بابەتی ئاساییشی هەرێمی خراوەتە بەر باس و جەخت كراوەتەوە كە دەبێت ڕێ بە هیچ دەوڵەتێك نەدرێت خاك و ئاسمانی عێراق بە مەبستی گوازتنەوەی چەك بۆ سووریا بە كار ببات.
بەڵام بەیاننامەكە حكوومەتی عێراق كە شیعە بەڕێوەی دەبات تۆمەتبار نەكردووە.
بەغدا دەنگی خۆی نەخستە پاڵ داوای ڕۆژاوایی و عەرەبەكان بۆ لادانی سەرۆكی سووریا، بەڵام لە ڕابردوودا چاكسازی لەو وڵاتەدا بە پێویست زانیوە."
