هاشمى: دواى گۆڕینى دادوەر بە 24 كاتژمێر بڕیارى لەسێدارەدانم درا

هاشمى: دواى گۆڕینى دادوەر بە 24 كاتژمێر بڕیارى لەسێدارەدانم درا
12 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)ـ تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراق دواى بڕیارى لەداردانى بۆ یەكەمین جار لە بەرنامەیەكى ڕاستەخۆى كەناڵێكى ئاسمانى توركى ئاماژەى دا، مالیكى مەرامى جیاوازى هەیە و دواى گۆڕینى دادوەر بە 24 سات بڕیارى لەداردانم درا.

هاشمى ئێوارەى دوێنێ سێشەم لە بەرنامەى \"تەكە تەك\"" لە كەناڵى ئاسمانى \""خەبەر تورك\"" ڕاستەوخۆ گواستییەوە، لەبارەى بڕیارى لەداردانى و پێشهاتەكانى عێراق ئاخاوت گوتى \""بڕیارى لەداردانەكەم بەسەرپەرشتى دادوەرێك دەرچوو كە یەكەم دانیشتنى ئەو فایلەى بەڕێوە دەبرد. واتە باس لە دادوەرێك دەكەین تازە ئەو ئەركى پێ ڕاسپێردراوە و دواى گۆڕینى دادوەرى پێشوو بە 24 سات بڕیارى لەداردانم دراوە.

زیاتر گوتى \""لە 19ى كانوونى یەكەم/دیسێمبەرى ڕابردوو دواى ئەوەى گەیشتمە هەولێر /پایەتەختى هەرێمى كوردستان/ بڕیارى گرتنم دەرچوو. سەرسڕمام بە دەركردنى بڕیارى گرتنم لەلایەن مالیكییەوە. ئەگەر بەڵگەى بەدەستەوەیە دەبوایە بیداتە سەركۆمار، بەگوێرەى دەستوور پارێزبەندیم هەیە، بەڵام گوێیان پێ نەدا و تا گەیشتنە دەركردنى بڕیارى لەداردان.

هاشمى ئاماژەى بەوەشدا، ئەوەى جێگەى سەرسڕمانمە كاتى بڕیارەكەیە كە لە 9ى ئەیلوول/سێپتێمبەر دەرچوو. دادوەرە كۆنەكە لە پۆستەكەى لابرا و دادوەرێكى تر كرایە بەرپرسى دانیشتنەكان و ئەویش وێراى ئەوەى كۆنتڕۆڵى تەواوى بەسەر فایلەكە نەبوو لە ماوەیەكى ئەوەندە كورتدا بڕیارى لەداردانى دا.

\""بەدرێژایی ماوەى لێپرسینەوەكە داركارى و كردارى نابەجێ پێڕەو كراون. تۆمەتى كوشتنى پارێزەرێك خراوەتە پاڵم كە بەرامبەر 200 دۆلار لەلایەن پاسەوانێكى منەوە ئەنجام دراوە و گوایە سوپاسنامەم بۆ ناردووە و بەهۆیەوە دەستخۆشیم لێ كردووە. بۆچى پارێزەرێك بكوژم، من یاریدەرى سەركۆمارم بۆچى بگلێمە ناو ڕووداوى وا؟\"" هاشمى گوتى.

هاشمى دووپاتى كردەوە، كێشەى عێراق بریتییە لە شێوازى بەڕێوەبەرایەتیی مالكى. لە ڕووى سیاسى و ئابوورى و میكانیزمى بەڕێوەبردنى كارەكان لەگەڵ مالیكى هاوڕٍا نەبووم. زۆر جار هەوڵم دا قەناعەتى پێ بكەم كە دادپەروەر بێ و جیاكارى نەكا، بەڵام مەرامى جیاوازى هەیە و بڕواى بە دیموكراسییەت نییە.

زیاتر گوتى \""قۆناغى سیاسى عێراق لە 2006ەوە بەشێوەیەك كە ڕێگە بە قۆناغى دیموكراسى نادات بەرەو سیستەمێكى ئۆتۆكراتى ئاراستە دەكرێ و من لە دژى ئەوە ڕاوەستام\"".


-ئاكانیوز"
Top