بەبێ دیاریكردنى وادەى خستنەڕٍووى كارنامە چاكسازییەكەى هاوپەیمانیی نیشتمانى كۆ دەبێتەوە

بەبێ دیاریكردنى وادەى خستنەڕٍووى كارنامە چاكسازییەكەى هاوپەیمانیی نیشتمانى كۆ دەبێتەوە
4ئەیلوول/سێپتمبەر (گوڵان میدیا)- دەستەى سیاسیی هاوپەیمانیی نیشتمانى لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خیدا سەرجەم پێشهاتە سیاسییەكانى عێراقیان تاوتوێ كرد و ئەو قۆناغە هێورییەی نێوان لایەنەكان بەگرینگ هەڵسەنگاند، بەڵام كۆبوونەوەكە هیچ ئاماژەیەكی بەوادەى پێشكێشكردنى كارنامە چاكسازییەكە نەكرد.
ماوەى پتر لە 2 مانگە هاوپەیمانیی نیشتمانى باسی كارنامەیەكی چاكسازیی 70 خاڵی دەكا كە بەنیازە بۆ هێوركردنەوەى دۆخى سیاسیی وڵات پێشكێشی بكەن.
نووسینگەى ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكى هاوپەیمانیی نیشتمانى لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی ناردووە بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) راى گەیاند، ئێوارەى دوێنێ دووشەم هاوپەیمانیی نیشتمانى لە ماڵی جەعفەری كۆبوونەوەیەكی ئاسایی گرێدا.
سەرچاوەكە گوتی، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە یەكخستنى هەڵوێستەكان كرا بۆ پەسندكردنى پڕۆژەیاساكانى تەواوبوو لە پەرلەمان و پەلەكردن لە پەسندكردنیان.
لە كۆتادا كۆبوونەوەكە چەند لێژنەیەكی بچووكی بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانى كۆبوونەوەكە پێك هێنا.
Top