هاشمی داوا لە سەرۆککۆمار دەکات، دەستەڵاتی پەسندکردنی سزای لەداردان لە جێگرەکەی وەرگرێتەوە
نووسینگەی جێگری سەرۆككۆماری عێراقی فیدراڵ، تاریق هاشمی، لە بەیاننامەیەكیدا كە دوێنێ دەرچووە، هاوكات داوا لە سەرۆككۆماری عێراق دەكات \"تەنیا تۆ دەتوانیت دەستبەجێ بەر بەو لەداردانانە بگریت، چونكە تەنیا تۆ بە بڕیاری كۆماری ئەو مافە دەستوورییەت هەیە ئەو ئەو حوكمانە پەسند بكەیت.\""
هاشمی بەپێی بەیاننامەكە هەروەها پەیامی خۆی ئاراستەی تاڵەبانی دەكات و دەڵێت \""لە بەرانبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تۆ هەمیشە پابەندبوونی خۆت بە تێوەنەگلان لە پەسندكردنی سزای لەداردان ڕاگەیاندووە، بەڵام بە شێوەی كردەیی بوارت داوە بەوەی كە جێگرەكەت ئیمزای بكات.\""
هاشمی زیاتر ڕوونی كردووەتەوە و دەڵێت ساڵانێكە سزای لەداردان پێڕۆ كراوە و توندوتیژییەكانیشی لە عێراقدا كەم نەكردوونەتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت عێراقییەکان لە هەموو بوارەكاندا بە دوای میكانیزمی دیكەدا بگەڕێن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، بیناكردنی كۆمەڵگەیەكی بەبەزەیی و دوور لە زوڵم و گەندەڵی و بێ جیاكاری.
ئەو هاوکات لە لایەنە پێوەندیدارەکان بە مافەکانی مرۆڤ دەکات گوشار بخەنە سەر حکوومەتەکەی نووری مالیکی بە مەبەستی ڕاگرتنی سزای لەداردان.
ئەم بەیاننامەیەی هاشمی دوای ئەوە دێت كە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە چەندا ڕۆژی ڕابردوودا نیگەرانیی خۆی رباگەیاند لە جێبەجێكردنی سزای لەداردان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بەسەر 26 كەسدا كە سێیان ئافرەت بوون.
-PNA"
