عارف تەیفوور: لایەنەكان كۆكن لەسەر مانەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن وەك خۆی

عارف تەیفوور: لایەنەكان كۆكن لەسەر مانەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن وەك خۆی
دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، پەرلەمانی عێراق دووشەمی داهاتوو دەنگ لەسەر زیادكردن یان نەكردنی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەدا و ئاماژەی كرد، زۆرینەی بارستەكان لەسەر مانەوەی كۆمسیۆنەكە بە 9 ئەندام كۆكن.

عارف تەیفوور بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی رۆژی دووشەمی داهاتووی دانا كە پرسی دەنگدان لەسەر زیادكردن یان نەكردنی ژمارەی ئەندامانی ئێستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەخۆ دەگرێ.

زیاتر گوتی، هاوكات لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاساییەكی تر دەدرێ كە یەكێ لەو پڕۆژانە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە لە عێراق.

تەیفوور روونی كردەوە، زۆرینەی بارستە سیاسییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن وەك ئێستە 9 ئەندام بمینێتەوە و زیاد نەكرێ، بۆیە شیمانەی ئەوە دەكرێ پەرلەمانتاران دەنگ لەسەر 9 ئەندامەكە بدەن.

هەروەها گوتی، فراكسیۆنی هاویەیمانیی كوردستانی دەنگ لەسەر مانەوەی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆن وەك ئێستە لە 9 ئەندام دەدا نەك 15 ئەندام.

لای خۆیەوە فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) گوتی، تا ئێستە بۆچوون و تێروانینی جیاواز لەبارەی زیادكردن یان مانەوەی وەك خۆی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەیە.

زیاتر گوتی، بەم شێوەیەك دەنگ دەدەین كە تەباییی بارستەی كوردستانییەكان پێی باشە و ئەوەی لە بەرژەوەندیی كورد بێ بەم شێوەیە دەنگی بۆ دەدەین.

ئەمڕۆ شەموو پەرلەمانتارێكی سەر بە هاوپەیمانی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق بەدووری زانی كە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەو حەوتووەدا فایلی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەهۆی بوونی ناكۆكیی سیاسی لەبارەی ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆنەكە یەكلا بێتەوە.

بڕیار بوو پێنجشەمی رابردوو ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێنە دیاریكردن، بەڵام دەنگدانەكە بۆ رۆژی دووشەم دوا خرا.













ئاكانیوز
Top