هاوپەیمانیی كوردستانی: ده‌بێت هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانەكانی شەهرستانی بێدەنگ نەبێت

هاوپەیمانیی كوردستانی: ده‌بێت هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌ به‌رامبه‌ر لێدوانەكانی شەهرستانی بێدەنگ نەبێت
لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی زۆر بە توندی ڕەخنە لە جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە حوسێن شەهرستانی دەگرێت و داوا لە هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی شیعەكانیش دەكات، لە بەرامبەر لێدوانەكانی شەهرستانیدا بێدەنگ نەبێت.

گوتەبێژی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی موئەیەد تەیب ڕایگەیاند:حوسێن شەهرستانی بەردەوام لێدوانی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەدات و نوێترین لێدوانیشی داواكردن بوو لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێژەی 13%.

موئەیەد تەیب گوتی: ئەم لێدوان و هەڵوێستانەی شەهرستانی خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی وڵات ناكەن و دەبنە هۆی زیاتر قووڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیش كرد، باشتر وایە شەهرستانی ئاگاداری ئەرك و كارەكانی خۆی بێت و بەشێوەیەكی جوان ئیش و كارەكانی بەڕێوە ببات و واز لەو جۆرە لێدوانانەیشی دەربارەی هەرێمی كوردستان بهێنێت.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستا شەهرستانی پێشنیاری ئەوەی كرد بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە 17%ەوە بۆ 13% كەم بكرێتەوە، بەڵام هیچ بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان لێدوانیان لەو بارەوە نەدا و وەڵامی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقییان نەدایەوە.
Top