هاوپەیمانیی كوردستان: داخستنی نوێنەرایەتیی هەرێم نادەستوورییە و دەبێ بەغدا روونكردنەوە بدا

هاوپەیمانیی كوردستان: داخستنی نوێنەرایەتیی هەرێم نادەستوورییە و دەبێ بەغدا روونكردنەوە بدا
فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم، ڕای گەیاند داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا نادەستوور و نایاسییە و دەبێ بەغدا هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە روون بكاتەوە.

بەبیانووی نەبوونی بەڵگەنامەی رەسمی، دوێنێ حكوومەتی ناوەندی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داخست. لەبەرمبەردا نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا رای دەگەیەنێ كە ئەوان بەڵگەی تەواویان هەیە و بەپێی بڕیاری ژمارە 29ی دیوانی دامەزراون كە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەر كردووە.

موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی دوێنێی حكوومەتی عێراق بۆ داخستنی نووسینگەی حكوومەتی هەرێم بڕیارێكی نادەستوور و نایاسایی بوو، چونكە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم تازە نییە لە بەغدا هەیە.

زیاتر گوتی: ماوەی حەوت ساڵە ئەو نووسینگەیە كارەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێم دەكا، بۆیە ئەم بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە و لە جێگەی خۆشیدا نەبوو.

ئاماژەی دا ئێستا ئێمە لە پشووی رەسمین، دوای دەست پێكردنەوەی دەوامی رەسمیی پەرلەمان ئێمە لەگەڵ دكتۆر محەمەد ئیحسان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا دادەنیشین و لە هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە دەكۆڵینەوە.

سەعدون گوتی دەبێ حكوومەتی عێراق ڕوون كردنەوە بدا لەسەر داخستنی نووسینگەی حكوومەتی هەرێم، چونكە ئەمە نوێنەرایەتییەكی رەسمییە و هیچ شتێكی نایاسایی نەكردووە.
Top