لیژنەی نەزاهەی عێراق لە كڕینی 6 فڕۆكە كەنداییەكە دەكۆڵێتەوە كە ڕاوێژكارێكی مالیكی تێوەی گلاوە

لیژنەی نەزاهەی عێراق لە كڕینی 6 فڕۆكە كەنداییەكە دەكۆڵێتەوە كە ڕاوێژكارێكی مالیكی تێوەی گلاوە
لیژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی عێراق، ڕایدەگەیەنێت كە دوای جەژنی ڕەمەزان لەو گرێبەستە دەكۆڵێتەوە كە حكوومەتێ عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەنەداییدا بە مەبەستی كڕینی شەش فڕۆكە واژۆی كردووە. سەرۆكی لیژنەكە هاوكات دەڵێت بە هۆی گەندەڵیی گرێبەستەكەوە هەر كەسێكی تێوەگلابێت، لە سەرۆكوەزیران یان سەرۆككۆمار یاخود سەرۆكی پەرلەمانیشەوە نزیك بێت ئەوا ئاشكرای دەكەن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەندەڵیی گرێبەستێكی چوار ساَل پێشتری حكوومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەنەدایی كە كرێنی شەش فڕۆكەی 76 نەفەرییە، بە هۆی تێكچوونی دوو لە فڕۆكەكانەوە كە بە هۆی گەرمیی كەش و هەواوە خراوەتە بەر باس و لیژنەی نەزاهەیش لێكۆڵینەوەی لەو بارەوە دەست پێكردووە و دەڵێت كە دوای جەژنی ڕەمەزان گرێبەستەكە كە گەندەڵیی تێدا كراوە لە لایەن هەر كەسێكەوە بووبێت ئەوان ئاشكرای دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، گرێبەستەكە لە لایەن ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكییەوە واژۆ كراوە. ئاژانسەكان چەند ڕۆژێك لەمەبەر بڵاویان كردەوە كە كوڕێكی ئەو ڕاوێژكارەی نووری مالیكی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، لە كۆمپانیا فڕۆكەوانییە كەنەداییەكە كار دەكات و هەر دوای واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەیش، ڕاوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ناسنامەی باری شارستانیی كەنەدایی دراوەتێ و چووەتە ئەوێ.
سەرۆكی لیژنەی نەزاهەیش لە پەرلەمانی عێراق، ئەحمەد جبووری، ڕایگەیاندووە كە لێكۆڵینەوەكان بەردەوام دەبن و دەركەوێت هەر كەسێك لە پشت ئەم گرێبەستەوەوەیە كە گەندەڵیی تێدا كراوە ئەوا ناوەكەی ئاشكرا دەكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
بە گوتەی ئەو سەرۆكلیژنەیە، ئەو كەسەی گرێبەستەكەی كردووە لە سەرۆكوەزیران یان سەرۆككۆمار یان سەرۆكی پەرلەمانیشەوە نزیك بێت ئەوان ئاشكرای دەكەن و لێپیچینەوەی لەگەڵدا دەكەن.
حكوومەتی عێراق لە ئایاری 2008ـدا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای \"بۆمباردیر\""ـی كەنەداییدا واژۆ كردووە كە كرێنی شەش فڕۆكەیە و بڕی هەریەكەیشیان 38 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكاییە. "
Top