ئەنقەرە، بەرپرسانی ئێران بە یارمەتیدانی پەكەكە تۆمەتبار دەكات

 ئەنقەرە، بەرپرسانی ئێران بە یارمەتیدانی پەكەكە تۆمەتبار دەكات
رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر گرژی بەخۆیانەوە دەبینن و لێدوانەكانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێرانییش حكوومەتی توركیایان نیگەران كردووە.

جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا (بوڵند ئارنیج) بە ژمارەیەك پەیامنێری ڕاگەیاند، ئەو سیاسەتەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر توركیادا پەیڕەوی دەكات بەرپرسانی ئەنقەرەی تووڕە كردووە.

ناوبراو ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە ئەم بارگرژییە تەنیا پەیوەندیی بە قەیرانی سووریاوە نییە و جەختی لە سەر ئەوەیش كردەوە، كە توركیا ئامادەیە هەر كارێك بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئێران.

تۆمەتباركردنی ئێران بە یارمەتیدانی پەكەكە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتی: ماوەی چەند هەفتەیەكە توندوتیژی لە باشووری خۆرئاوای توركیا زیادبووە و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش رۆڵێكی كاریگەر لەم توندوتیژییەدا دەگێڕێت.

ئەو گوتی “زانیاریمان لایە، كە شەڕوانانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە كامپی “شەهیدان”ـی ئێران جێگیركراون و لە سنووری ئێرانیشەوە دێنە ناو خاكی توركیاوە”.

رۆژنامەی “تودەیز زەمان”ـی توركیش ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە كراوە، كە ژمارەیەك لە شەڕوانانی پەكەكە بەرزاییەكانی قەندیلیان بەجێ هێشتووە و ڕوویان لە ناوچە سەرسنوورییەكانی نێوان توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە و هەر لەوێشەوە هێرشەكانیان بۆ ناو توركیا ئەنجام دەدەن.

“تودەیز زەمان” دەڵێت: كامپی “شەهیدان” ناوچەیەكی ئارامە بۆ شەڕوانانی پەكەكە، چونكە سوپای توركیا مافی ئەوەی نییە سنووری ئەو ناوچەیە ببەزێنێت و ئەو كامپە بۆردومان بكات.

رۆژنامە توركیەكە هەروەها باس لەوەیش دەكات، كە پەكەكە تەواوی هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەكوردنشینەكانی توركیا بگرێتەوە.

ڕێككەوتنی نێوان ئێران و پەكەكە
لە مانگی ئۆكتۆبەری ڕابردوودا میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، كە هێزی ئاسایشی ئێران سەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (موراد قەرەیلان)ـیان لە مانگی ئابی ساڵی 2011ـدا دەستگیر كردووە، بەڵام پاش ئەنجامدانی دانوستانێك لە نێوان بەرپرسانی پەكەكە و بەرپرسانی ئێراندا ناوبراو ئازاد كراوە.

(بوڵند ئارنیج) لەو بارەوە گوتی: سیاسەتی ئێران لەم كاتەدا ئەوە پیشان دەدات، كە ئەوەی لە میدیای توركیادا بڵاو كرایەوە ڕاست بووە، چونكە “ئەو كاتە ئێران لەگەڵ پژاكدا شەڕی دەكرد، بەڵام ئەو شەڕە لە پڕێكدا كۆتایی پێ هات”.

لێدوانە توندەكانی بەرپرسانی ئێران دژ بە پەكەكە
چەند رۆژێك پێش ئێستا فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران هۆشداریی توندی دایە توركیا و قەتەر و سعوودیە لە بەردەوامبوونیان لە سەر پشتگیریكردن لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ڕایگەیاند: ئەگەر بەرپرسانی ئەو وڵاتانە سیاسەتی خۆیان نەگۆڕن، ئەوا خۆپێشاندان و نائارامی، توركیا و سعوودیە و قەتەریش دەگرێتەوە.

(سەعید جەلیلی) گەورە ڕاوێژكاری ڕابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵا (عەلی خامەنەیی)ـیش ڕایگەیاند، پێویستە بەرپرسانی توركیا و سعوودیە و قەتەر واز لەم سیاسەتەی خۆیان بهێنن، كە ئێستا دژ بە حكوومەتی سووریا پەیڕەوی دەكەن.

(بوڵند ئارنیج) ڕەخنەی لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرت، لە بەرامبەر ئەم جۆرە لێدوانانە و ڕوونی كردەوە، حكوومەتی ئێران بەرپرسە لەو لێدوانانەی بەرپرسەكانی دەیدەن.

ناوبراو ڕەخنەی توندیشی لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرت، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی تایبەت بە تەنگژەی سووریا پەیڕەوی دەكەن.

ئەو گوتی، نزیكەی 25 هەزار كەس لە دانیشتوانی سووریا كوژراون، بەڵام تاكو ئێستایش حكوومەتی ئێران پشتگیری لە رژێمی (بەشار ئەسەد)ی بكوژ دەكات و ئەمەیش شتێكی زۆر سەیرە.
Top