بزووتنەوەى ویفاق سیاسەتی دەرەوەى حكوومەتى عێراق بەئاڵۆز ناو دەبا

بزووتنەوەى ویفاق سیاسەتی دەرەوەى حكوومەتى عێراق بەئاڵۆز ناو دەبا
ئەمڕۆ شەموو گۆتیارى بزووتنەوەى ویفاقی نیشتمانى كە ئەیاد عەلاوى سەرۆكایەتیی دەكا، سیاسەتی دەرەوەى حكوومەتى عێراقی بە ئاڵۆز ناو برد و وریاییى دا كە ئەم جۆرە سیاسەتە مەترسی بۆ سەر وڵات هەیە.

هەر یەك لە عێراق و ئێران یەك هەڵوێستیان لەبارەى دۆخى سووریا هەیە كە دەبێ تەنگژەكە بە رێگەى گفتوگۆ بێتە چارەسەركردن.

هادى زاڵمی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ماوەیەكی درێژە هەست بە مەترسی لە دۆخی عێراق دەكەین، نەك هەر ئێستە، بگرە ماوەیەكی زۆرە سیاسەتی دەرەوەمان نییە، سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە ناوەندی ئیسلامی و عەرەبیدا گۆشەگیر بووە.

ڕوونی كردەوە، تا ئێستە سیاسەتی عێراق تێكەڵاوە و پێمان وایە هەڵسوكەوتەكانی حكوومەتی عێراق لەگەڵ واقیعی گەلی عێراقدا ناگونجێ و تێكەڵبوونێكی ئەرێنیی لەگەڵ ناوچەكەدا نییە.

بەپێی ئامارێكی ڕوانگەی سووریا بۆ مافی مرۆڤ كە بارەگەكەی لە بەریتانیایە، لەوەتەی دەست پێكردنی ناڕەزایییەكانی سووریا بەرامبەر بە ڕێژیمەكەی بەشار ئەسەد، ژمارەی كوژراوان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 20 هەزار كەس. هەروەها سەتان هەزار كەسیش بە هۆی توندتیژییەكانەوە ئاوارە بوون و ڕوویان لە وڵاتانی توركیا، عێراق، لبنان و ئوردن كردووە و لە دۆخێكی خراپدا دەژین.

دەسەڵاتی عێراقیش ڕێوشوێنێكی تەناهیی چڕی بە درێژاییی سنوورەكەی لەگەڵ سووریادا گرتووەتە بەر و ڕای گەیاندووە كە توانای پێشوازیكردنی پەنابەرانی سووریای نییە.














ئاكانیوز
Top