لێژنەیەكی پەرلەمان سەرسڕمانیی خۆی لە راگەیاندنی كۆتاهاتنی شەڕ لە دژی تیرۆر لەلایەن مالیكی راگەیاند

لێژنەیەكی پەرلەمان سەرسڕمانیی خۆی لە راگەیاندنی كۆتاهاتنی شەڕ لە دژی تیرۆر لەلایەن مالیكی راگەیاند
ئەندامێكی لێژنەی تەناهیی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو سەرسڕمانیی خۆی لە راگەیاندنی كۆتاهاتنی شەڕ لە دژی تیرۆر لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند و دووپاتی كردەوە، تا ئێستە تیرۆر مەترسییە لەسەر تەناهیی وڵات.
حەوتووی رابردوو مالیكی لە كاتی دیداری لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەفسەرانی عێراق رای گەیاند كە شەڕ لەگەڵ تیرۆر بەكۆتا هاتووە و ئاماژەی كرد، ئەوەی ماوەتەوە ئەو شانانەن كە بەدوای هەلێك یان كەلێنێكدا دەگەڕێن و خواستی وڵاتانی تریان لە پشتەوەیە و سوود لە دۆخی ناوچەكە وەردەگرن.

شوان محەمەد تەها لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، قسەكردن لەبارەی كۆتاهاتنی هەڕەشەی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق راست نییە، چونكە لێكۆڵینەوە لەسەر جموجۆڵی رێكخراوەكە نییە و پرسیاری كرد، ئاخۆ ئەوانە كێن كە هەڵیان كوتایە سەر گەورەترین و مەترسیدارترین دەزگای تەناهی لە بەغدا كە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تیرۆرە.

زیاتر گوتی، ئێستە دەستپێشخەری بەدەستی تیرۆریستانە نەوەك هێزە تەناهییەكان، بۆیە كردنەئامانجی بەردەوامی دەزگا تەناهییەكان دەبینین و ئاماژەی كرد، بۆیە قسەكرن لەبارەی بەكۆتاهاتنی رێكخراوی قاعیدە دەبێ لەسەر لێكۆڵینەوەیەكی راستەقینە بنیات بنرێ.

تەها روونی كردەوە، تا ئێستەش رێكخراوی قاعیدە چەند شوێنێكی گرینگی بەدەستەوەیە بەتایبەتی لە پارێزگەی دیالە.

ئەو راگەیاندنەی مالیكی بۆ كۆتاهاتنی تیرۆر لە عێراق هاوكاتە لەگەڵ چەند رووداوێكی تەناهی كە بەم دواییە عێراقییان گرتەوە لەوانە سێ هەوڵی شكاندن و راكردنی گرتییانی ترسناك لە بەغدا و هێرشكردنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تیرۆر و ژمارەیەك تەقینەوە و هێرشی چەكداری كە پارێزگەی ئەنبار و بەغدای گرتەوە.














ئاكانیوز
Top