هێزێکى سوپاى عێراق ڕەوانەى سەعدییە کراوە

هێزێکى سوپاى عێراق ڕەوانەى سەعدییە کراوە
سەرچاوەیەکى بەرپرس رایگەیاند، هێزێکى زۆرى سەر بە لیواى بیستى سوپاى عێراق بە چەکى جۆراوجۆرەوە ڕەوانەى سنوورى شارەدێى سەعدییە کراوە کە بەگوتەى خۆیان بۆ مەبەستى ڕاوەدوونان و دەستگیر کردنى تیرۆریستان هاتوونەتە ناوچەکە، بەڵام گومان لە هاتنى ئەو هێزانە دەکرێـت و پێدەچێت مەرامى سیاسى لە پشتەوە بێت.

کارگێڕى لقى 15 و بەرپرسى ناوچەى خەباتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەعدییە، حاکم حەسەن، تایبەت بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند:\" ئەو هێزانە کە سەر بە لیواى بیستى سوپاى عێراقن، لە شەوى رابردووەوە لە شوێنى سەرەکی خۆیان بە بیانووى ئەوەى ماوەیەکە تیرۆریستان و گروپە چەکدارەکان لە سنوورى شارەدێیەکە چالاکییەکانیان زیادى کردووە، لە سنوورى مەنسوریەى نێوان شارۆچکەى شارەبان و کۆمەڵگەى حەمرینەوە رەوانەى سەعدییە کراون.
حاکم حەسەن، ئاماژەیە کرد، فەرماندەى فەرماندەیى پۆلیسى دیالە و فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى دیالە ،سەپەرشتى هێزەکان دەکەن و بە وتەى خۆیان ماوەى چەند ڕۆژێک لە ناوچەکە دەمێننەوە و چەند ئۆپەراسیۆنێکى سەربازى ئەنجامدەدەن.
ئەو بەرپرسەى پارتى لە سنوورەکە، راشیگەیاند: گومان لە هاتنى ئەو هێزانە بۆ شارەدێى سەعدییە دەکرێت. پێدەچێت مەرامى سیاسى لە پشتەوەبێت و بیانەوێ لە ناوچەکەدا بە یەکجارى جێگیر ببن و بە تایبەتش لە دواى ئەوەى کە حکوومەتى ناوەند پێشتر هێزى ڕەوانەى چەند ناوچەیەکى دیکە کردووە لە سنوورى ناوچە دابڕێندراوەکاندا لەوانەى ناوچەى زومار، بۆیە هاتنى ئەم هێزانە پێناچێت بۆ مەبەستى ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردنى تیرۆریستان بێت.
سەبارەت بە جوڵاندنی هێزەکانى پَێشمەرگە کە ئێستا لە خانەقین جێگیرکراون، حاکم حەسەن ئاماژەیدا، تا ئێستا هێزەکانى پێشمەرگە لە شوێنى خۆیاندا لە سنوورى خانەقینن، بۆ ئەوەى جوڵەیان پێبکرێت هیچ فەرمانێکیان پێنەکراوە.
رونیشیکردەوە، ئەو هێزانەى لیواى 20ى سوپاى عێراق کە بە دەیان ئۆتۆمبیل و سەربازى زۆر و چەکى جۆراوجۆر هاتوونەتە ناوچەکە، ئێستا لە دەوروبەرى سەعدییەدا جێگیرکراون و هاوکات لە گەڵ هاتنیاندا لە شەوى رابردووەوە، هاتووچۆ قەدەغەکراوە.
پێشتر لە لێدوانێکیدا فەرماندەى فەرماندەیى هێزەکانى پشتیوانى دوو، لیوا حوسێن مەنسوور، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: لە سنوورى خانەقین هێزەکانى پێشمەرگە خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە."
Top