ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك دەدا

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك دەدا
لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەمووی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەیەك پڕۆژەیاسا خوێندنەوەیان بۆ دەكرێ و چەند پڕۆژەیاسایەكیش بەمەبەستی پەسندكردن دەخرێنە دەنگدانەوە.
نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتیی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە بۆ پەسندكردن و تاوتوێكردنی چەند پڕۆژەیاسایەك.

روونی كردەوە، بەپێی بەرنامەی كار دەنگ لەسەر زیادكردنی بودجەی كەرتی كشتوكاڵ لە عێراق بە رێژەی 10% دەدرێ، لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای درێژەدانی پێوەندییەكانی نێوان عێراق و كۆوەندی عەرەبی و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارگەلێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاو كە تایبەتن بە بواری پەروەردە.

زیاتر گوتی، هەروەها دەنگ لەسەر دابینكردنی بڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ هێڵی ئاسمانیی كوێتی دەدرێ بەرامبەر ئەو داوایانەی كە پێشتر لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی و حكوومەتی عێراق تۆمار كردبوو، هەروەها دەنگدان لەسەر پێشنیازی زیادكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە 9 ئەندام بۆ 15 ئەندام.

لای خۆیەوە ئەشواق جاف پەرلەمانتاری هەمان فراكسۆن بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیار وایە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا دەنگ لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بدرێ.

زیاتر گوتی، بەڵام پێم وایە ئەستەمە بتوانرێ ئەمڕۆ ئەو دوو پرۆژەیاسایە پەسند بكرێ، چونكە كێشەیەكی زۆری لەسەرە، هەر بۆیەش نەتوانرا رۆژی پێنجەشەمی رابردوو بێتە پەسندكردن.














ئاكانیوز
Top