بۆ تاوتوێكردنی جموجۆڵی سوپای عێراق لێژنەی تەناهیی پەرلەمانی عێراق شاندێك رەوانەی هەرێم دەكا

بۆ تاوتوێكردنی جموجۆڵی سوپای عێراق لێژنەی تەناهیی پەرلەمانی عێراق شاندێك رەوانەی هەرێم دەكا
ئەندامێكی لێژنەی تەناهی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق رێككەوتن ئەو هێزەی سوپای عێراق كە لە ناوچەی زوومار جێگیر كراوە، نەچێتە ناوچە كێشەدارەكان و لە سنووری نێوان عێراق و سووریا بڵاوە پێ دەكرێ و ئاماژەی كرد، بۆ تاوتوێكردنی جموجۆڵی ئەو هێزانە لێژنەی تەناهیی پەرلەمانی عێراق شاندێك رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكا.
حەسەن جیهاد لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بەو هۆیەی نەمانویستووە پرسی بردنی سوپای عێراق بۆ ناوچە كێشەدارەكان، بەتایبەتی لە سنووری ناوچەی زوومار بێتە ناو پەرلەمانی عێراق، لێژنەكەمان هیچ راپۆرتێكی لەبارەی ئەو كێشەیە ئامادە نەكردووە.

زیاتر گوتی، بەڵام هەر دوو وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر پرسی هێنانی هێزێكی سوپای عێراق بۆ ناوچەی زوومار رێكەوتنێكیان لەنێواندا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كردووە.

جیهاد روونی كردەوە، بە پێی ئەو رێككەوتنە هەردوو هێزی سوپای عێراق و پێشمەرگە كە ئێستە لە ناوچەكانی زوومار و رەبیعە لە بەرامبەر یەكتر سەنگەریان گرتووە، بەرامبەر یەكتر لا دەچن و هێزە عێراقییەكە لەسەر سنووری عێراق و سووریا بڵاوە پێ دەكرێ، بەڵام ناچنە ئەو ناوچانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە.

ئەوەشی خستەروو، بڕیار وایە ئەمڕۆ شەموو لێژنەی تەناهیی و بەرگری پرسی ناردنی شاندێكی لێژنەكە بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم تاوتوێ بكا بۆ ئاگەداربوون لە وردەكاریی چۆنیەتیی سەرهەڵدانی كێشەی هێنانی ئەو هێزە و پێداچوونەوە بە رێككەوتنانەی پێشتر لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئەم پرسەدا كراون.

لای خۆیەوە شوان محەمەد تەها پەرلەمانتاری عێراق لە هەمان لێژنە بۆ (ئاكانیوز) گوتی، كێشەی هێنانی سوپای عێراق بۆ ناوچەی زوومار بەرەو چارەسەركردن هەنگاو دەنێ و ئەو هێزەی سوپای عێراق ناچێتە ناو سنووری ناوچەی زوومار و رەبیعە.

رۆژی 27ی مانگی رابردوو حكوومەتی عێراق بە پاساوی پاراستنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا، هێزێكی گەورەی كە لە هەردوو لیوای 37 و 38 رەوانەی ناوچەی زوومار لە پارێزگەی مووسڵ كرد، لیوای 8ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كە لەو ناوچەیە جێگیرە رێگەی بەو هێزە نەداوە سنووری دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە ببەزێنن.














ئاكانیوز
Top