حكوومه‌تی عێراق: ئه‌ندامانی موجاهیدین به زۆر له كه‌مپی ئه‌شره‌ف ده‌رده‌كه‌ین
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی حكوومه‌تی عێراق، فاڵح فه‌یاز، دوێنێ له كۆنفرانسی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له به‌غدا رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵكی ئێران، كه‌مپی ئه‌شره‌ف چۆڵ نه‌كات، حكوومه‌تی به‌غدا ناچاره به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، كه‌مپه‌كه‌یان پێ چۆڵ بكات.
فاڵح فه‌یاز به ئاژانسی رۆیته‌رزی راگه‌یاند حكوومه‌تی به‌غدا له‌گه‌ڵ موجاهیدین به بنبه‌ست گه‌یشتووه و ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆیان دیاریكرابوو بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانیان بۆ كه‌مپی ئازادی له نزیك به‌غدا، كۆتایی پێهاتووه.
هه‌تا ئێستا نزیكه‌ی هه‌زار و 200 ئه‌ندامی موجاهیدین له كه‌مپی ئه‌شره‌ف ماونه‌ته‌وه و ئاماده نین ئه‌و كه‌مپه به‌جێبهێڵن و بڕۆنه كه‌مپی ئازادی. موجاهیدین ده‌ڵێت كه‌مپی ئازادی، پێداویستییه‌كانی ژیانی تێدانییه و دانیشتوانی كه‌مپه‌كه له ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاك، بێبه‌شن.
