ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر 7 پڕۆژەیاسا دەدا و خوێندنەوەش بۆ دوانیان دەكا

ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر 7 پڕۆژەیاسا دەدا و خوێندنەوەش بۆ دوانیان دەكا
ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە 12مین دانیشتنی وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی یاسادانان دەنگ لەسەر 7 پڕۆژەیاسا بدا و خوێندنەوەش بۆ دووی تر بكا.

سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، كارنامەى ئەمڕۆ پەرلەمان برێتییە لەسەر دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكانى دادگەى فیدراڵی، ئەنجوومەنی باڵاى دادوەری، هەمواركردنى دووەمى یاساى هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگە و شارۆكە و شارەدێكان.

خۆشناو گوتى، چوارەم كارنامەى دانیشتنەكەى ئەمڕۆ دەنگدانى بنچینەییە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی تەواوكاری ساڵی 2012، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواركردنى چوارەمی یاساى ئەنجوومەنى شێرپەنجەى عێراق، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دیوانی وەقفی \"كریتسیانى، ئێزدی و سابیئەی مەندائی\""، دەنگدان لەسەر پێدانى پاداشتی مانگانە بۆ قوتابییانى زانكۆ و پەیمانگەكانی عێراق.

پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسای كەڕەنتینەى تەندروستی و پڕۆژەیاسای پەسندكردنى رێككەوتنى ناوچەى بازرگانیی ئازاد لە نێوان هەردوو حكوومەتى عێراق و ئوردن.

دوێنێ پەرلەمانى عێراق بەئامادەبوونى 232 ئەندام بەشێوەیەكی بنچینەیی دەنگى لەسەر هەمواركردنى یاساى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراقی دا. "
Top